دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئێران دەڵێن ناشتنی تەرمی قاسم سولەیمانی دواخرا پاش ئەوەی بەهۆی پاڵەپەستۆی خەڵکیـیەوە ژمارەیەک لە بەشداربووان کەوتوونەتە ژێر پـێوە و گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئیسنای ئێران دەڵێت بەرپـرسی کۆمیتەی سەرپەرشتیاری مەراسیمی ناشتنی سولەیمانی لە شاری کرمان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند بەهۆی قەرەباڵغیـیەوە ناتوانن مەراسیمەکە تەواوبکەن، بۆیە دواتر ڕایدەگەیەنن کەی دەینێژن.
لە لایەکی دیکە پـیرحسێن کولیڤەند سەرۆکی دەزگای فریاگوزاری ئێران گوتی بەهۆی پاڵەپەستۆوە ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووانی مەراسیمەکە کەوتوونەتە ژێر پـێوە و لە ئاکامدا 40 کەس گیانیان لەدەستداوە و 213 کەسی دیکە برینداربوون.
تەرمەکەی سولەیمانی بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە شاری کرمان، شوێنی لەدایکبوونی، بەپـێی کاربەدەستانی ئێران بە سەدان هەزار کەس هاتبوون بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ناشتنەکە.