Accessibility links

ئیسرائیل: ئێران تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بۆ ڕفاندنی هاوڵاتیانی جوو بەکاردەهێنێت


دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی ئێران گوناهبار دەکەن بەوەی ئەژماری تایبەتی ساختەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنێت بۆ ڕاکێشانی هاوڵاتیانی دەوڵەتی جوو بۆ دەرەوە تا "زیانیان لێبدەن یان بیانڕفێنن."

ئەم ڕاگەیەندراوەی ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک پاش ئەوە دێت کە ئێران، ئیسرائیلی گوناهبارکرد بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەکی سەرەکی ناوکی و پەیمانیشیدا تۆڵەی ئەو هێرشە بکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی "شین بیت" دەزگای ئاسایشی گشتی ناوخۆی ئیسرائیلدا هاتووە، لەگەڵ دەزگای هەواڵگری مۆساددا هەوڵێکی ئێرانیان ئاشکرا کردووە کە کارگوزارانی ئیتیڵاعاتی ئەو وڵاتە ئەژماری ساختەیان لە تۆڕی ئینیستگرام دروست کردووە بە ناوی ژنانەوە و پێدەچێت خەریکی کارداری و گەشتیاری بن، تا هاوڵاتیانی ئیسرائیلی بکەنە ئامانج.

"ئەو کەسانە، ئەژمارە ساختەکان بەکاردەهێنن تا بگەنە ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلیانەی پەیوەندییان بە کاردارییە نێونەتەوەییەکانەوە هەیە و هەوڵی ڕاکێشانیان دەدەن بۆ کۆبوونەوە و پەیوەندی ڕۆمانسی و بازرگانیش لە وڵاتانی سەرانسەری جیهاندا،" بەپێی ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا نوسراوە.

شین بیت دەڵێت دەزگا ئاسایشی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل نیگەرانییەکی تەواوەتییان هەیە لەوەی ئەم جموجۆڵانەی ئێران دەشێت سەرەتای هەوڵی زیانلێدان یان ڕفاندنی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی بێت لەو وڵاتانەدا، هەروەها ئاماژەشی بەوە کردووە "هەمان ئەم تاکتیکە لەلایەن تارانەوە بەکارهێنراوە دژی ئۆپزسیۆنەکانی ئێران لە ئەوروپادا."

کاربەدەستێکی ئیسرائیل بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت، بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "بەلانیکەم یەک دۆسێ هەیە کە هاوڵاتییەک سەردانی وڵاتێکی تری کردووە تا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا بکات پاش ئەوەی کەوتبووە پەیوەندی لەگەڵ ئەژمارێکی گومانداری سۆشیال میدیادا."
ئەو کاربەدەستە دەشڵێت دەزگا هەواڵگرییە ئاسایشییەکان ئەو هاوڵاتییەیان ئاگادارکردۆتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ئاستی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەرزبوونەتەوە و وەک ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژەی پێدەکەن چەند جارێک هێرشیان کردۆتە سەر کەشتییەکانی یەکتر.

ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند ڕۆژی یەکشەممە"تەقینەوەیەکی بچوک" ڕوویداوە لە بەشی دابەشکردنی وزەی ئەلیکتریک لە دامەزراوەی ناتانز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەو ڕووداوەی بە کاری تێرۆریستانەی ئیسرائیل ناودێر کردووە.

XS
SM
MD
LG