Accessibility links

ئێران گرێبەستی گەورە واژۆ دەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت


ئێران ڕۆژی یەکشەممە چەند گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکاندا واژۆ کرد کە بەهاکانییان دەگاتە ملیاران دۆلار، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دژی سزاکانی ڕۆژئاوا.

لە مەراسیمێکدا کە لە کەناڵی ئێرانەوە گواسترایەوە، وەزارەتی نەوت و خاوەن کارە ئێرانییەکان چەند گرێبەستێکییان واژۆ کرد کە بەهاکانییان دەگاتە 13 ملیار دۆلار، ئەوەش لە پێناو زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە لە شەش کەرتی گەورەدا.

دەزگای هەواڵی فەڕمی پیشەسازی نەوتی ئێران شانا گرێبەستەکانی بە " گەورەترین گرێبەستی نەوتی ئێرانی " ناوبرد لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، وتیشی ئامانج لە گرێبەستەکان زیادکردنی 350,000 بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا بۆ ئەو نەوتەی کە ئێستا ڕۆژانە بەرهەم دەهێندرێت.

لە مانگی 10 دا وەزیری نەوتی ئێران جەڤاد عوجی بەڵێنیدا تاوەکو کۆتایی ساڵی فارسی لە 19 ی مانگی سێدا وەبەرهێنانی نەوت لە وڵاتەکەدا بگاتە 3.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

وتی لە ساڵی نوێدا بەپێی ڕۆژمێری فارسی، " بەرهەمهێنانی نەوت دەگاتە 4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا."

لە ساڵی 2018 دا کاتێک سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا کشایەوە و سەرجەم سزا ئابوورییەکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا، کەرتی نەوتی ئێران زیانێکی گەورەی بەرکەوت.

وەزارەتی نەوتی ئێران وتی ئێران " پشت بە شارەزا ناوخۆییەکان دەبەستێت " بۆ یارمەتیدان لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتدا لە کێڵگەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوادا، لەوانەش: ئازادیگان لە هەرێمی خوزستان لەسەر سنووری عێراق.

گرێبەستەکانی گەشەپێدانیش بۆ کۆنترین کێڵگەی نەوتی ئێران، کێڵگەی مەسد سولەیمان لە خوزستان، واژۆ کراون.

کێڵگەی مەسجد سولەیمان سەرەتا لە ساڵی 1908 دا دەستیکرد بە دەرهێنانی نەوت و کۆنترین کێڵگەی نەوتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

واژۆکردنی گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوتی ئێران دوو ڕۆژ پێش یادی 73 ساڵەی بە نیشتیمانیکردنی پیشەسازی نەوتی ئێران دێت، کە پێشتر لەلایەن کۆمپانیای نەوتی ئەنگلۆ ئێرانییەوە بەڕێوەدەبرا کە لەلایەن بەڕیتانیاوە کۆنتڕۆڵ کرابوو.

هەفتەی ڕابردوو ئێران وتی 20 ملیار دۆلاری لە گرێبەستەکاندا داوە بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان تاوەکو بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی گازی ساوث فارس لە دەریای کەنداودا زیاد بکەن، کێڵگەکە بە هاوبەشییە لەگەڵ قەتەڕدا.

بەپێی بەڕێوبەرایەتی زانیاریی وزەی ئەمەریکا، ئێران لە ساڵی 2022 دا حەوتەیەمین گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاو بووە لە جیهاندا.

هەروەها سێیەمین گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە، لە دوای ڤەنزوێلا و سعودیەوە.

XS
SM
MD
LG