کەناڵی تەلەفیزیۆنی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکە سیخوڕێکی موسادی ئیسڕائیلی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران لە سێدارە داوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت سیخوڕەکە پەیوەندی بە دەزگاکانی هەواڵگری بیانییەوە هەبووە، بە موسادیشەوە، هەروەها بە تۆمەتی تێوەگلانی لە بردنە دەرەوەی زانیاری نهێنیدا تۆمەتبار کراوە. دەسەڵاتی دادوەری کەسەکەی لە زیندانی زاهیدان، پایتەختی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە سێدارە داوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ناوی کەسەکە نەدراوە.
لە مانگی چواری ساڵی 2022 دا ئەفسەرانی هەواڵگری ئێران سێ کەسییان دەستگیرکرد و وتییان سەر بە گروپێکی پەیوەست بە موسادەوەن، ڕوون نیە کە ئایا ئەو کەسەی لە سێدارە دراوە یەکێک بووە لەو سێ کەسە یاخود نا.
ئێران و ئیسڕائیل چەندین ساڵە یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و هەڵگیرسانی سێبەری جەنگ. ئیسڕائیل ئێران بە گەورەترین مەترسی دادەنێت و چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی کردووە کردەوەی سەربازیی دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە ئێران تاوەکو نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئێران ڕەتی دەکاتەوە هەوڵ بۆ ئەو جۆرە چەکە بدات و بەڵێنیداوە وەڵامێکی توندی هەبێت بۆ هەر دوژمنکارییەک.
ئێران زۆرجار دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ڕادەگەیەنێت کە دەڵێت سیخوڕییان بۆ وڵاتانی بیانی کردووە، لەوانەش ئەمەریکا و ئیسڕائیل.
لە ساڵی 2020 دا ئێران پیاوێکی لە سێدارەدا کە بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیاری سەبارەت بە قاسم سولەیمانی بۆ ئەمەریکا و ئیسڕائیل تۆمەتبار کرابوو. قاسم سولەیمانی دواتر لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە فڕۆکەخانەی بەغدادی پایتەختی عێراق کوژرا.
لەسێدارەدانی ئەو کەسە لە زاهیدان بە تۆمەتی سیخوڕی، دوای ڕۆژێک لە هێرشێکی چەکداری بۆ سەر بارەگایەکی پۆلیسی شاری ڕاسک دێت کە تێیدا 12پۆلیس کوژران.
دوای کاتژمێرێک لە هێرشەکەی سەر بارەگای پۆلیسی ڕاسک، گروپی "جەیشول ئەلعەدل" بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان لە ئەستۆ گرت.
سەرچاوە/ AP