Accessibility links

گرژیـیەکانی نێوان عەرەبستانی سعودیـیە و ئێران ڕوو لە زیادبوونە


شەڕە توانجی نێوان عەرەبسـتانی سعودی و ئێران هێندەی دیکە گەورەتربووەتەوە، پاش ئەوەی عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێران بنەماڵەی پاشای سعودیـیەی بە " بنەماڵەی نەعلەتکراو" ناودێرکرد.

خامەنەئی ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی چاوپـێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەو 464 ئێرانیـیەی لە مەراسیمی حەجی ساڵی ڕابردوو گیانیان لەدەسـتدا، گوتی ئەو کارەساتە نیشانی دەدات ئەم" شجره خبیثه‌ ملعونه" شایەنی ئەوە نیـین کاروباری ئەو شوێنە پـیرۆزانە بەڕێوەبەرن.

گوتیشی "بنەماڵەی سعود ئەم گوناهە گەورەیە ئەنجام دەدات بە پاڵپـشتی ئەمەریکا و داوای لێبوردنیش ناکەن." هەروەها گوتی "ئەمەریکایـیەکان هاوبەشن لە تاوانەکانی بنەماڵەی سعود ئەوانەی لە دژی عێراق و یەمەن و بەحرێن و سوریا ئەنجامی دەدات."

هاوکات حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران ئەویش لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هێرشی کردە سەر سعودیـیە و گوتی دەبێت وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی ئیسلامی کارەکانی خۆیان ڕێـکبخەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سزادانی حکومەتی سعودیـیە.

پاشان گوتی " ئەگەر کێشەکە لەگەڵ حکومەتی سعودی تەنها لەسەر حەج و کارەساتی منا بێت ، ئەوا دەکرا چارەسەربکرێت، بەڵام بە داخەوە ئەم ڕژێمە لە ڕێگەی پشـتیوانیکردن لە تێرۆر و ئەو تاوانانەی لە ناوچەکە ئەنجامیان دەدات، خوێنی موسڵمانان لە عێراق و سوریا و یەمەن دەڕێژێت، ڕۆژانە ژن و منداڵی یەمەن بە شێوەیەکی دڕندانە بە هێرشە ئاسمانیـیەکان دەکوژێت."

جێی ئاماژەیە ئەمساڵ بۆ یەکەم جارە لە پاش نزیکەی 30 سـاڵ هیچ کەسێـک لە ئێرانەوە بۆ حەجکردن ناچێت بەهۆی ڕێکنەکەوتنی هەردوو وڵات لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی مەراسیمی حەج.

لە لایەکی دیکە خالد جبێر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیـیە لە بارەگای باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە لەندەن قسەی بۆ ژمارەیەک ڕۆژنامەوانانی بەریتانی و عەرەب کرد و گوتی ئێران هەوڵ دەدات حەج بکاتە شتێـکی سیاسی تاوەکو دەسـتکەوتی سیاسی هەبێت، بەڵام ئەم هەوڵە لە لایەن جیهانی ئیسلامیـیەوە ڕەتکراوەتەوە. باسی لەوەش کرد ئێران ئامادە نەبووە ڕێکەوتنی مەراسیمی حەج مۆربکات کە هەرچەندە سعودیـیە ئاسانکاری بۆ کردبوون، بەمەش لە ئەمساڵدا هەلی حەجکردنی لەدەست ئێرانیـیەکان دا.

XS
SM
MD
LG