Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت لە کۆنفرانسەکەی ئوردندا گفتوگۆی لەگەڵ هاوتا سعودییەکەیدا کردووە


وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان
وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەی ئوردندا ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ هاوتا سعودییەکەیدا گفتوگۆی کردووە.

سعودیە و ئێران لە ململانێکانی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە سوریا و یەمەنیشەوە دژی یەکترن. تاوەکو ئێستا لە ساڵی ڕابردووەوە عێراق میوانداری پێنج کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی سعودیە و ئێرانی کردووە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. دوایین کۆبوونەوەیان لە مانگی چواردا بوو.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە عەرەبی ئاماژەی بەوەداوە لە نێو ئەو وەزیرانەی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکەدا چاوی بە وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعودیش کەوتووە و " گفتوگۆیەکی هاوڕێیانەی " لەگەڵیاندا ئەنجامداوە.

ئەمیرعەبدوڵاهیان نوسیویەتی " هاوتا سعودییەکەم دڵنیایی داومەتێ لەسەر خواستی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێراندا."

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

لە دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە گرژییەکانی نێوان سعودیە و ئەو وڵاتە زیاتر بوون، سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا بە سعودیەی وت کۆنتڕۆڵی میدیاکانی بکات و وەزیری هەواڵگری ئێرانیش هۆشداریدایە سعودیە لەسەر ئەوەی تاران گرەنتی نادات لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ئەو " ئارامییە ستراتیژییەی " هەیەتی.

ئێران دوژمنە بیانییەکانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی لە پشت خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوەن، کە سەرجەم چینەکانی ئێران بەشدارییان تێدا کردووە.

ڕۆژی سێشەممە جەنەڕاڵێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران ئیسماعیل غانی سعودیەی بە " بازاڕیی و شایەنی ئەوە نیە دوژمن بێت " ناوبرد.

بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە هەمان شێوە گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی زیاتر کردووە، لە کاتێکدا گفتوگۆکانی تاران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لە مانگی نۆوە چەقییان بەستووە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا شازادە فەیسەڵ وتی " بە داخەوە ئاماژەکان ئەرێنی نەبوون." وتیشی وڵاتانی کەنداو ئاسایشیان پتەوتر دەکەن ئەگەر تاران چەکی ئەتۆمی بە دەست بهێنێت.

کۆبوونەوەکەی ئوردن کە لەلایەن فەڕەنسا و عێراقەوە ڕێکخرابوو و ئامانج لێی پشتیوانیکردن بوو لە جێگیری عێراق و ناوچەکە، لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا هیچ ئاماژەیەک نەدرا لەسەر کۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئێران و سعودیە.

ئەمیرعەبدوڵاهیان لە تویتەکەیدا باسی لەوەش کرد کە گفتوگۆی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عێراق و قەتەڕ و کوەیت و عومانیشدا کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG