Accessibility links

ئێران هۆشداری دەدات بە عەرەبستانی سعودیە


دەزگای هەواڵی نیمچە فەڕمی فارسی ئێران بڵاویکردەوە وەزیری هەواڵگری ئێران بە سعودیەی وتووە گرەنتی نییە لەسەر بەردەوام بوونی تاران لەسەر " ئارامییە ستراتیژییەکەی."

دەزگای هەواڵی فارس لە زاری ئیسماعیل خەتیبەوە بڵاویکردەوە " هەتاوەکو ئێستا ئێران پەیڕەوی ئارامییەکی ستراتیژی کردووە، بەڵام ناتوانێت گرەنتی بدات لەسەر ئەوەی کە ئەگەر دوژمنکارییەکان هەر بەردەوامبن ئەو ئارامییەش هەر بمێنێت."

وتی " ئەگەر ئێران بڕیار بدات تۆڵە بکاتەوە و سزا بدات، کۆشکە شووشەییەکان ورد و خاش دەبن و ئەم وڵاتانەش چیتر سەقامگیری تێدا نامێنێت."

ئێران دوژمنە بیانییەکانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دروستکردنی خۆپیشاندانەکان کە لە دوای گیان لە دەستدانی ژینا ئەمینییەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئێراندا سەریانهەڵذاوە. خۆپیشاندانەکانیش بەردەوامن.

مانگی ڕابردوو سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێران حوسەین سەلامی هۆشداری دابە سعودیە و پێی وت کۆنتڕۆڵی میدیاکانی بکات.

بەپێی دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران، سەلامی وتی " من هۆشداری دەدەمە خێزانە فەرمانڕەواکەی سعودیە، ئاگاداری ڕەفتارەکانتان بن و کۆنتڕۆڵی ئەم میدیایانە بکەن، ئەگەر نا ئەوا باجەکەی دەدەن. ئەمە دوایین هۆشداریمانە چونکە ئێوە لە ڕێی ئەم میدیایانەوە دەستوەردەدەنە کاروباری وڵاتەکەمانەوە. پێمان وتن، ئاگادار بن."

هەفتەی ڕابردوو ئێران ڕەتی کردەوە مەترسی بێت بۆ سعودیە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژنامەی وۆڵ سترین جێرناڵ بڵاویکردەوە ڕیاز زانیاری هەواڵگری لەگەڵ ئەمەریکادا هاوبەش کردووە و تیایدا هۆشداری دەدات لەسەر هێرشێکی نزیکی ئێران بۆ سەر ئامانجەکان لە سعودیەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG