Accessibility links

نەسرووڵا سعودیە ئاگادار دەکاتەوە


سکرتێری گشتی حیزبوڵا حەسەن نەسرووڵا سعودییەی ئاگادار کردەوە کە سعودیە دەدۆڕێت لە هەر شەڕێک سعودیە بیەوێت لەگەڵ ئێراندا بیکات و ئامۆژگاری ڕیازی کرد گفتوگۆ بکات لەگەڵ تاراندا لەجیاتی ئەوەی بەشێوەیەک هەڵسوکەت بکات کە ببێتە هۆی ڕشتنی خوێنی زیاتر.

نەسرووڵای سەرکردەی حیزبووڵا کە ئێران پشتیوانی لێدەکات وتی سعودیە دەیەوێت ئەمەریکا وا لێبکات بکەوێتە ناکۆکییەوە لەگەڵ ئێراندا دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ عەرەبستانی سعودیە ڕاگەیاند و هێرشی کردە سەر ئێران.

نەسرووڵا لە وتارێکیدا وتی " ئێران تادێت لەهەموو ڕوویەکەوە بەهێزتر دەبێت و هەموو جیهانیش شایەتی ئەوە دەدەن.. منیش ئامۆژگاری سعودیە دەکەم ناکۆکی و جەنگ بخاتە لاوە، تاکە چارەسەر بۆ ئێوە لەبەر خاتری هەموو موسوڵمانان و ناوچەکە و وڵاتانی ناوچەکە و گەلانی ناوچەکە ئەوەیە گفتوگۆ و دانووستاندن بکەن لەگەڵ ئێراندا و ئێران هەمیشە ئامادەبووە."

وتیشی " ئەم ڕێگەیەی گرتووتانەتە بەر هیچ ئەنجامێکی نابێت بێجگە لەوە نەبێت پارەی زیاتر خەرج دەکەن و خوێنی زیاتر دەڕێژن و ئێوەش دەدۆڕێن، ئێوەن ئەوانەی شکست دەخۆن."

شایەنی باسە کێبڕکێی نێوان سعودیە و ئێران ناکۆکییەکان قووڵتر دەکاتەوە لە ناوچەکە و شەڕی سوریاشدا کە حیزبوڵا ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە شەڕەکەدا و پشتیوانی لە سەرۆک بەشار ئەسەد کردووە.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG