Accessibility links

ئێران ڕەخنەکانی ئەوروپا لەسەر هەڵدانی مانگە دەستکردەکەی ڕەت دەکاتەوە


ئێران ڕۆژی شەممە،27ی مانگی یەک سەرکۆنەکردنی هەڵدانی مانگە دەستکردەکەی ' سورەیا ' لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە ڕەتکردەوە و وتی پێشکەوتنی ئاشتییانەی تەکنەلۆجیا لە بواری واڵایی ئاسماندا مافی ڕەوای وڵاتەکەیە.

ڕۆژی هەینی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا سەرکۆنەی هەڵدانی مانگی دەستکردی سورەیای ئێرانییان کرد، هەفتەی ڕابردوو ئێران ئەو مانگە دەستکردەی هەڵدا بۆ واڵایی ئاسمان.

سێ وڵاتەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتییان هەڵگری مانگی دەستکردەکەی واڵایی ئاسمان تەکنەلۆجیایەک بەکاردەهێنێت کە گرنگە بۆ پەرەدان بە سیستمی موشەکی باڵیستیکی مەودا دوور، کە ڕەنگە ڕێگە بە تاران بدات چەکی مەودا دوورتریش هەڵبدات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی لە ئێکس نوسیویەتی " ئەم لێدوانە دەستوەردانگەرانەیە هیچ کاریگەرییەکییان نابێت لەسەر سووربوونی ئێران بۆ پێشکەوتن لە زانست و تەکنەلۆجیادا."

وتی " ئێران پێی وایە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە مافی خۆیەتی."

بەپێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران، هەفتەی ڕابردوو مانگی دەستکردی سورەیا کە لەلایەن باڵی توێژینەوەی دەزگای واڵایی ئاسمانی مەدەنی ئێرانەوە پەرەی پێدراوە لە بەرزایی 750 کم لە واڵایی ئاسماندا داندرا، تاوەکو ئێستا ئەوە بەرزترین ئاستە ئێران پێیگەیشتبێت.

وتیشییان مانگە دەستکردە 50 کیلۆگرامییەکە لە ڕێی ڕۆکێتی سێ قۆناغی قایم 100 ەوە هەڵدراوە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دروست کراوە.

ئێران تۆمەتەکانی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە کە گوایە ئەو جۆرە چالاکییانە تەنها داپۆشینێکن بۆ بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی ئێران و دەڵێن هەرگیز هەوڵی ئەوەی نەداوە پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات.

ئێران کە یەکێک لە گەورەترین بەرنامە موشەکییەکانی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەندین جار شکستی هێناوە لە هەڵدانی مانگە دەستکردەکاندا، ئەوەش بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG