Accessibility links

ڕووسیا و ئێران و تورکیا خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن لە بەرامبەر بڕیاری ئەمەریکا بۆ کشانەوە لە سوریا


ڕووسیا و ئێران و تورکیا دەڵێن ئەوان لە دژی هەر هەوڵێکی جوداخوازین لە سوریا و بڕیاری ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناودێردەکەن.

هەریەک لە ڤلادیمیر پـوتن و حەسەن ڕوحانی و ڕەحەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە شاری سوچیی ڕووسیا کۆبوونەوە بۆ تاووتوێکردنی پـلانەکانیان بۆ سوریا.

هەرسێ سەرۆک خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ کشانەوە لە سوریا و گوتیان ئەم هەنگاوە بۆی هەیە یارمەتی بدات لە سەقامگیری ئەو ناوچەیە کە دەبێت لە کۆتایـیدا حکومەتی شەرعی کۆنترۆڵی بکاتەوە.

بەڵام ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیاندا گوتی هێشتا نازانن کەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکشێنەوە. گوتیشی ئەوان وەکو تورکیا سوورن لەسەر نەهێشتنی هێزە کوردیـیەکان لە مەنبج و ڕۆژهەڵاتی فورات.

ڕوحانیش لای خۆیەوە گوتی پارێزگای ئیدلیب بەشێکە لە سوریا و دەبێت لە تێرۆرستان پاکبکرێتەوە، جەختیشی کردەوە کە پـێویستە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێی سوریا مسۆگەربکرێت.

پـوتن‌یش لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا کرد و گوتی سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت ئەو بەڵێنانەی داونی لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا جێبەجێـیان بکات، بەڵام بارودۆخی ناوخۆی ئەمەریکا هەندێک جار ڕێگەی پـێنادات. گوتیشی نازانن لە داهاتوو چی ڕوودەدات، بەڵام هەتا ئێستادا هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا ماونەتەوە و هیچ گۆڕانکاریـیەک ڕووی‌نەداوە.

جەختیشی کردەوە کە دەبێت هێزەکانی حکومەتی سوریا کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکات لە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG