Accessibility links

حەسەن ڕۆحانی: خۆپیشاندانەکانی ئێران رەهەندی زیاتریان هەیە لە دۆسێی ئابوری


سەرۆکی ئێران دەڵێت دەکرێت ڕەخنە لە هەموو کاربەدەستان بگیرێت و توڕەیی خۆپیشاندەرانیش لە ئێران زیاترە لە دۆسێ ئابورییەکان.

حەسەن ڕۆحانی لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەشیدا داوای کرد قەدەغەکردنەکانی لەسەر تۆڕەکانی سۆشیال میدیا دانراون هەڵبگیرێن.

نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین لە ئێران دەستیپێکرد و دامەزراوەکانی حکومەت کۆت و بەندیان خستە سەر تۆڕەکانی سۆشیال میدیا لەوانە ئینستگرام و تێلەگرام. دەسەڵاتداران ڕۆژی یەکشەممە قەدەغەکردنیان لەسەر ئینستگرام هەڵگرت، بەڵام تێلەگرام هێشتا هەر قەدەغەیە.

حەمید شەهریاری، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە گوتوویەتی هەموو ئەوانەی لە پێشەنگی ئەوی بە "ئاژاوەگێڕەکانی ئەم دواییە" ناودێریان دەکات ڕووبەڕووی توندترین سزا دەبنەوە.

خۆپیشاندانەکان گەورەترین خۆپیشاندانی دژە حکومەت بوون لە ئێراندا لەوەتای ساڵی 2009 وە. خۆپیشاندەران گازەندەیان لە بێکاری و گرانبوونی نرخی خواردەمەنی بووە و هەروەهاش داوای ڕیفۆرمیان لەناو حکومەتیشدا کردووە.

بەلانی کەم 21 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و سەدان کەسیش دەستگیرکراون.

دەسەڵاتدارانی ئێران لۆمەی حکومەتەکانی وڵاتانی بیانییان دەکرد و بە تایبەتیش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عەرەبستانی سعودیە بۆ هاندانی خۆپیشاندان کردن.

XS
SM
MD
LG