Accessibility links

ڕۆحانی: ئێران بەرهەڵستی سزاکان دەکات و ئەمەریکای " هیوابڕاو " کردووە


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی سزا نوێیەکانی ئەمەریکا کە بۆ دووەمین جار بانکی ناوەندی ئێرانی کردۆتە ئامانج ئاماژە بە " هیوابڕاوی " ئەمەریکا دەکات لەبەرامبەر بەرهەڵستی ئێراندا.

ڕۆژی هەینی ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای نوێی سەپاند بەسەر ئێراندا، سزاکان بانکی ناوەندی ئێرانی کردۆتە ئامانج کە پێشتر خراوەتە لیستی ڕەشەوە، ئەوەش دوای هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و بەرپرسانی ئەمەریکی بەرپرسیارێتی هێرشەکانیان خستە ئەستۆی ئێران.

لەلای خۆیەوە ئێران ڕەتی کردەوە هیچ ڕۆڵێکی هەبووبێت لە هێرشەکاندا کە حوثییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیان لەسەر ڕاگەیاند.

ڕۆحانی لە لێدوانێکیدا وتی " ئەمەریکییەکان سزا دەسەپێنن بەسەر ئەو دامودەزگایانەدا کە لە لیستی ڕەشدان. ئەمە ئاماژەیە بۆ هیوابڕاوی تەواوەتی ئەمەریکا و دەریدەخات سیاسەتی سەپاندنی توندترین سزا شکست دەهێنێت. چونکە گەلی مەزنی ئێران سەرکەوتووانە بەرهەڵستی دەکەن."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ ڕۆژی یەکشەممە وتی ئەمەریکا هەوڵی ئەوە دەدات خۆی بەدووربگرێت لە شەڕ لەگەڵ ئێراندا و ئاماژەشی بەوەدا ئەو هێزانەی کە وابڕیارە ڕەوانەی کەنداو بکرێن تەنها بۆ " بەرپەرچدانەوە و بەرگریکردنن."

بەڵام ڕۆحانی وتی ڕەوشی ناوچەکە خراپ تێکچووە و لۆمەی ئەمەریکای کرد.

وتی " ڕەوشی ناوچەکە خراپ تێکچووە. باس لەو زیانانە دەکەن کە سعودیە پێی گەیشتووە و دەکرێت لە ماوەی دوو هەفتەدا چاک بکرێتەوە، چونکە ئەمەریکا دەیەوێت ناوچەکە داگیربکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG