Accessibility links

ڕۆحانی: ئێران ئامادەیە " لە هەر کاتێکدا بێت " بگەڕێتەوە سەر پابەندبوون بە بەرپرسیارێتە ناوەکییەکانیەوە


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی ئاماژەی بەوەدا وڵاتەکەی ئامادەیە " لە هەر کاتێکدا بێت " بگەڕێتەوە سەر ڕێزگرتن لە تەواوی ئەو بەڵێنانەی کە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە سەبارەت بە چالاکییە ناوەکییەکانی.

لە ساڵی 2015 دا ئێران لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی چین و ڕوسیا و ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیادا ڕێکەوتنی ناوەکی واژۆکرد، بەپێی ڕێکەوتنەکە ڕازیبوو لەسەر دانانی سنوورێک بۆ چالاکیە ناوەکییەکانی و لەبەرامبەریشدا سزا نێودەوڵەتیەکانی سەر تاران کەم بکرێنەوە.

بەڵام ئەم ڕێکەوتنە هەڕەشەی نەمانی لەسەرە، ئەمەش لەکاتێکدا لە ساڵی 2018 سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە و سەرجەم سزا ئابوورییەکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە، ئێران لە مانگی پێنجی ساڵی 2019 ەوە پابەندبوونی بە بەرپرسیارێتیە سەرەکییەکانیەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا کەم کردەوە.

ڕۆحانی وتی " لە هەر کاتێکدا بێت، ئەگەر وڵاتانی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بە ئەمەریکاوە یاخود بەبێ ئەمەریکا، پابەند بن بە سەرجەم بەپرسیارێتیەکانیانەوە ئەوا ئێمەش سەرجەم ئەو بەڵێنانەی داومانە جێبەجێیان دەکەین."

ڕۆحانی وتیشی " پێشتر وتوومە گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکەوتنەکە پەیوەندی بە کاتەوە نیە بەڵکو پێویستی بە ئیرادەیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG