Accessibility links

ئێران بەرپرسێکی وەرزشی لەسەر پێشێلکردنی حیجابی زۆرەملێی وەرزشەوانان دووردەخاتەوە


دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆی ئێران بڵاویانکردەوە وەزیری وەرزشی ئێران سەرۆکی فیدراسیۆنی وەرزشەکانی نابیستانی وڵاتەکەی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وێنەی ژنە وەرزشوانێکی بیانی بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە پاڵەوانێتییەکدا بڵاوبووەوە.

دەزگای هەواڵی ئیسنا بڵاویکردەوە میهران تیشەگەران لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەوەش بەهۆی " ئەو ڕووداوانەوە کە لە پاڵەوانێتییەکانی وەرزشەوانانی نابیستانی ئاسیادا ڕوویاندا."

وتیشی وەزیری وەرزشی ئێران کیۆمەرس هاشمی، عەلیڕەزا خوسرەوی دەستنیشان کرد بۆ جێگرتنەوەی تیشەگەران.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران وێنەی ژنە وەرزەشەوانێکییان بڵاوکردەوە کە شۆرت و جلێکی تەسکی لەبەردایە لە کێبڕکێکەی ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممەدا لە تاران.

تیشەگەران وتی پیاوان و ژنان لە ماوەی کێبڕکێکەدا تێکەڵ نەبوون.

لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی فارسدا، تیشەگەران وتی " تەنها ژنان لەو شوێنەدا بوون و بەرپرسانی ئاسایشیش سەرجەم کامێرا و مۆبایلەکانییان کۆکردبۆوە."

وتیشی وێنەکانی ئەو وەرزشەوانە لەلایەن تیمەکەیەوە کە لە کازاخستانەوە هاتبوون گیرابوون.

لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ساڵی 1979 دا، داپۆشینی مل و سەر بەسەر ژنانی ئێراندا سەپێندراوە، تەنانەت بەسەر ئەو ژنە بیانییانەشدا سەپێندراوە کە دێنە وڵاتەکەوە.

لە مانگی پێنجدا بەرپرسی فیدراسیۆنی وەرزشەوانانی ئێران دەستی لە کارەکەی کێشایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە بۆنەیەکی وەرزشیدا ژنێک لە شاری شیرازی باشووری ئێران بەبێ سەرپۆش دەرکەوت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG