Accessibility links

ئێران داواکاری کۆمەڵێک بەهایی بۆ دواخستنی سزاکانیان ڕەتدەکاتەوە


بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، داواکاری کۆمەڵێک بەهایی ئێرانی کە بە هۆی باوەڕ بە ئایینەکەیانەوە سزای زیندانیان بە سەردا سپێندرابوو لە لایەن حکومەتەوە ڕەتکرایەوە. ئەوان داوای دواخستنی جێبەجیکردنی سزاکەیان کردبوو بۆ ئەوەی لە زیندان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبن.

سەرچاوەیەک لە ئێرانەوە کە ئاشنایە بە بارودۆخی ئەو هەشت بەهاییە، بۆ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کەسەکان لە 28 ی مانگی نۆدا نامەیەکیان پێگەیشتووە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی10مانگی دە بڕوەنە گرتووخانەی ڕۆژهەڵاتی شاری بیرجەند.

سەرچاوەکە ڕایگەیاند دادگای پێداچوونەوە لە پارێزگای خۆراسانی باشوور، کە شاری بیرجەند دەکاتە پایتەختەکەی، لە 8ی مانگی نۆدا سزای زیندانیکردنی 15 مانگ بۆ دوو ساڵ بە سەر 6 ژن و 2 پیاودا سپاند.

سەرچاوەکە ناوی ئەو 8 بەهاییەی ڕاگەیاند کە بریتین لە فەرزانە دیمی، نەسرین قەدیری، عەتائۆڵا مەلاکی، ڕۆیا مەلاکی کچی عەتائۆڵا مەلاکی، سەعید مەلاکی، ئارەزوو موحەمەدی، بەنەفشە موختاری و عەتیە ساڵحی.

سەرچاوەکە وتیشی سزای یەکێک لە بەهاییەکان بە ناوی ڕەحمەتۆللە دیمی بە هۆی زۆری تەمەنیەوە لە دادگای پێداچوونەوەدا بەتاڵکراوەتەوە. سەرچاوەکە ئەوەشی زیادکرد کە پێشتر ئەو گروپە تۆمەتبارکرابوون بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی دژە حکومەتی لە پەیوەند بە جێبەجێکردنی داب و نەریتی ئاینیەکەیاندا.

پیاوانی شیعەی دەسەڵاتداری ئێران خەڵکی بەهایی کە نزیکەی 300 هەزار کەس دەبن، بە کافر و بێ دینیان دەزانن و بە بەردەوامی بە هۆی باوەڕەکانیانەوە بە ئاینی بەهایی بە بیانوو و تۆمەتی ئاسایشی نەتەوەیی بە بێ ئەوەی بەڵگەیەک بخەنە ڕوو لە لایەن حکومەتەوە تاوانباریان دەکەن.

سەرچاوەکەی VOA ی گوتی ژمارەیەک لەو بەهاییانە کە بانگکردنی بەندیخانەکەیان پێگەیشتووە و دوو پارێزەریش کە نوێنەری گروپەکەن ، داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە بانگکردنەکان دوابخرێت یان ڕێگە بەو کەسانە بدرێت بۆ ئەوەی لە ماڵەوە لە ژێر چاودێری ئەلیکترۆنییەوە سزاکانیان تێپەڕێنن. داواکارییەکە بۆ ئەوە بووە کە ئەم هەشت بەهاییە لە زیندانی بیرجەند تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبن.

سەرچاوەکە ڕایگەیاندووە ڕۆژی سێشەممە داواکارییەکە ڕەتکراوەتەوە، واتە دەبێت ئەو هەشت بەهاییە هەتا 10 ی مانگی دە خۆیان بڕوەن بۆ زیندانی بیرجەند یان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕووبەڕووی گرتن دەبنەوە. لە میدیاکانی دەوڵەتی ئێراندا هیچ ئاماژەیەک بە کەیسی بەهاییەکان نەکراوە.

ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خراپترین دۆخی هەیە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. میشێل باچلە، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند کە قەرەباڵغی زیندانەکانی ئێران و خراپی دۆخی تەندروستی لەو وڵاتەدا، دۆخەکەی خراپتر کردوە.

باچلە نوسیوویەتی کەمبوونی ئاو و بەرهەمە خاوێنکەروەکان، کەمی ئامێرەکانی پاراستن و کەمی کەرەستەی تاقیکردنەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها نەبوونی جێگا بۆ چاودێری پزیشکی، بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە لە ناو زیندانەکاندا کە لە ئەنجامدا بەپێی راپۆرتەکان ژمارەیەک لە زیندانییەکان گیانیان لەدەستداوە.

باچلە هەروەها "داوای ئازادکردنی بێ مەرجی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، پارێزەران، زیندانیانی سیاسی، خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و هەموو تاکەکانی دیکە دەکات کە بە هۆی دەربڕینی بۆچوون و باوەڕەکانیانەوە لە ئازادی بێبەش کراون. ئەو گوتیشی راستکردنەوە و پێداچوونەوە بەم زوڵم و نادادپەروەرانەدازۆر گرنگە بە تایبەت لە سەردەمێکدا کە کۆرۆنادا زیندانەکانی گرتوەتەوە.

لە تویتێکی ڕۆژی دووشەممەدا، دایان عەلایی، نوێنەری کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بەهاییەکان لە ژێنێڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند و گوتی کە نابێت ئەم هەشت بەهاییە زیندانی بکرێن.

ئەو گوتی یەکەم لەبەر ئەوەی ئەمانە بێتاوانن و دووەم بەهۆی بارودۆخی خراپی کۆرۆناوە لە ئێران.

ئەو 9 تۆمەتبارە بەشێک بوون لە گروپێکی فراوانتری 18 کەسی بەهایی لە بیرجەند کە هێزە ئەمنییەکان لە مانگی دەی ساڵی 2017 دا هەڵیانکوتایە سەر ماڵ و موڵکەکانیان و دەستیان بەسەردا گرتن. هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ پشووی ئاینی بەهاییەکان کە لە سەرتاسەری جیهان بەڕێوەیان برد.

لە گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سام براونباک باڵیۆزی ئەمریکا بۆ ئازادی ئاینی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئەو "بە تایبەتی" نیگەرانە سەبارەت بە جوڵانەوەی ئێران بەرامبەر بە زیندانییە بەهاییەکان.

XS
SM
MD
LG