Accessibility links

سەرۆکی ئێران داوا لە ئەمەریکا دەکات سزاکانی سەر وڵاتەکە لاببات


سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وتی هەوڵەکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان سەرکەوتوو نابێت ئەگەر واشنتن " سزا گەورەکانی " سەر تاران لانەبات. ئەمەش لەکاتێکدایە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدابوو گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی ئەمەریکا و ئێران خەریکە دەگەنە قۆناغی کۆتایی.

هەفتەی ڕابردوو ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەدا ئێران و ئەمەریکا لە گفتوگۆکانی ڤییەنادا نزیک بوونەتەوە لە ڕێکەوتنێک، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە. لە ڕەشنووسی ڕێکەوتنەکەدا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس لە ڕێوشوێنەکانی دیکەش کراوە، لەوانە گەڕاندنەوەی ملیاران دۆلاری ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوور و ئازادکردنی ئەو هاوڵاتیە بیانیانەی کە لە ئێران زیندانیکراون.

ڕەئیسی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ شازادەی قەتەڕ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانیدا لە دەوحە وتی " ئەمەریکا دەبێت نیازی خۆی بسەلمێنێت بۆ لابردنی سزا گەورەکان."

وتیشی " بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک، گرنگە گرەنتی بدرێت بۆ گفتوگۆکان و بابەتەکانی ناوەکی."

ئێران داوای لە ئەمەریکا کردووە دڵنیاکردنەوەیەکی یاسایی بداتێ کە دووبارە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە نەکشێتەوە.

ڕەئیسی وتی " دوژمنکاری چارەنووسەکەی شکست دەبێت. بەرخۆدان ئەنجامی لێدەکەوێتەوە و هیچ کام لە کێشەکانی ناوچەکە چارەسەری سەربازییان نیە."

لە ماوەی ڕابردوودا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەعید خەتیبزادە وتی گفتوگۆکانی ڤییەنا " بەرەوپێشچوونێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە."

دوو سەرچاوەی نزیک لە گفتوگۆکانی ڤییەناوە بە ڕۆیتەرزییان وت هەندێک لە کێشەی تەکنیکی بچووک هەبوون کە تاوتوێ کراون و پێشبینی دەکرێت بەر لە کۆتایی هەفتە ڕێکەوتنەکە ڕابگەیەندرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG