سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی سەرکردەی سەربازیی ئێران قاسم سولەیمانی کە لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە بەغداد کوژرا هەوڵی بەدیهێنانی سەقامگیری داوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕۆحانی لە وتارێکدا وتی " سەرکردە سولەیمانی پیاوێک بوو هەوڵی بەدیهێنانی سەقامگیری و هێمنی ناوچەکەی دەدا. قاسم سولەیمانی ئەگەر بیویستایە جەنەڕاڵە ئەمەریکییەکان بکوژێت ئەوا زۆر ئاسان بوو بۆی، لە عێراق و لە ئەفغانستان و ناوچەکانی دیکەش، بەڵام هەرگیز ئەوەی نەکردووە."
ڕۆحانی ئاماژەشی بەوەدا ئامانج لە بەرنامە موشەکیە باڵیستیکیەکەی ئێران هێرش کردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ نیە، لەوانەش سعودیە و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو کە ڕکابەری تارانن لە ناوچەکەدا.
وتیشی " موشەکەکانمان دژی تیرۆریستانن، موشەکەکانمان دژی تاوانەکانن. هەرگیز موشەکمان بۆ دوژمنکاری دروست نەکردووە. هەموو دراوسێ و گەلانی ناوچەکە دڵنیا دەکەینەوە ئارەزووی ئێمە پێکەوە ژیان و ئاشتەواییە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز