Accessibility links

پەخشان عەزیزی زیندانی سیاسی کورد دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی ئێڤین


پەخشان عەزیزی
پەخشان عەزیزی

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کە پشت بە زانیاری چالاکوانانی نێوخۆی ئێران دەبەستن، ڕایدەگەیەنن پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و زیندانی سیاسی پێشووی کورد دوای چوار مانگ و هەفتەیەک لە دەستبەسەربوون و لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە لە ناوبرا، ڕۆژی دووشەممە، 11ی مانگی دوازنزە گوازراوەتەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین لە تاران.

رێکخراوەکانی هەنگاو و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگەیاندووە پەخشان عەزیزی لە ماوەی لێپێچینەوەکانیدا لە مافە سەرەتاییەکان بێبەشکراوە، لەوانەش دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەیدا وتەنانەت رێگەی پێنەدراوە بە تەلەفونیش قسە لەگەڵ بنەماڵەکەی بکات.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، پەخشان عەزیزی کە خەڵکی مەهابادە و دەرچووی بەشی کاری کۆمەڵایەتییە لە زانکۆی تاران، مانگی 8ی ئەم ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و دوای چوار مانگ و چەند ڕۆژێک لە لێکۆڵینەوە، گواستراوەتەوە بۆ بەشی 209 ی زیندانی ئێڤین.

عەزیزی ساڵی 2009ش لە میانەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران لە دژی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی کورد لەلایەن کارمەندانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای 4 مانگ لە دەستبەسەربوونی بە کەفالەت ئازاد دەبێت و دەڕواتە هەرێمی کوردستان و تا دەستگیرکردنی بۆ جاری دووهەم لە هەرێم و ڕۆژئاوا ژیاوە.

ماڵپەڕی بێتاوان کە سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ڕۆژی چوارشەممە، 8ی مانگی یازدە هەواڵی دەستبەسەرکردنی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی و سیروان محەمەدڕەزایی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند ئەو کەسانە ئەندامی "پژاک" بوون.

وەریشە مورادی، زیندانی سیاسی دیکە کە ماڵپەڕەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستگیرکردنەکەیی ڕاگەیاندووە، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بووە کە یەکی مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێران بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەشەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێن و دۆخی ئەو چالاکوانەوە لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوەکان/ هەنگاو و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

XS
SM
MD
LG