دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران وتی سەرۆکی نوێی ئێران ڕۆژی یەکشەممە کابینەی حکومەتەکەی بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە خستووەتەڕوو تاوەکو متمانەی پێبدرێت، دیبلۆماتکار عەباس ئارەقچی دەستنیشان کردووە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە.
سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان کابینەکەی لە کاتێکدا خستەڕوو کە مەترسی پەرەسەندنی گرژییەکانی جەنگەکەی ناو غەززە بە ناوچەکەدا زیاتر بووە، ئەوەش دوای کوژرانی سەرکردەی سیاسیی حەماسی فەلەستینییەکان ئیسماعیل هەنییە لەمدواییانەدا لە تاران و کوژرانی فواد شوکوری فەرماندەی سەربازیی حزبوڵای لوبنان لە بەیروت، کوژرانەکان بوونە هۆی ئەوەی ئێران و حزبوڵا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە بکەن لە ئیسڕائیل.
کابینە پێشنیارکراوەکەی پزیشکیان دەبێت لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پەسەند بکرێت، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران محەمەد باقر قالیبافیش وتی کۆمسیۆنەکان ڕۆژی دووشەممە دەست دەکەن بە پێداچوونەوە بە کاندیدەکانی کابینەکەدا.
ئارەقچی تەمەن 61 ساڵ کە باڵیۆزی ئێران بووە لە چەندین وڵات بە ژاپۆنیشەوە، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە گفتوگۆکانی ڕێککەوتنەکە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا، کە سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 دا کشایەوە لێی و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا.
دواتر ئارەقچی سەرکردایەتی دانوستانەکانی ئێرانی کرد لە ماوەی هەوڵەکاندا بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، کە سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام لە ساڵی 2021 دا لابرا و عەلی باقری توندڕەو خرایە شوێنەکەی.
دەسەڵاتی سەرۆک لە ئێراندا سنووردارە و ڕابەری باڵای ئێران دەسەڵاتی تەواویی هەیە و سەرکردەی هێزە چەکدارەکانە و هەر ئەویشە کە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دیاری دەکات و دوا بڕیاریش لەسەر پرس و سیاسەتە گرنگەکانی وڵات لەلای خۆیەتی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز