Accessibility links

وەزیری نەوتی ئێران: هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر بەنزینخانەکانی ئێران


وەزیری نەوتی ئێران جەواد عوجی ڕۆژی دووشەممە ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە کە تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی بەنزینخانەکانی سەرانسەری ئێران هۆکارەکەی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بووە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران و ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل بڵاوییان کردەوە گروپێکی هاککردن بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاندووە کە تێیدا خزمەتگوزارییەکانی لە بەنزینخانەکانی سەرانسەری وڵاتەکەدا تێکداوە. ئەو گروپە هاککەرە لەلایەن ئێرانەوە بە تۆمەتی پەیوەستبوونی بە ئیسڕائیلەوە تۆمەتبار کراوە.

پێشتر عوجی بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی وڵاتەکەی وت خزمەتگوزارییەکان لە نزیکەی لە سەدا 70 ی بەنزینخانەکانی ئێران تێکچوون و دەستوەردانێکی دەرەکیش ئەگەری هەیە هۆکار بێت. دواتر وتی 1,650 بەنزینخانە کاردەکەن. وەزارەتەکە سەرپەرشتی 3,800 بەنزینخانە دەکات.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران وتی گروپێک بە ناوی " پریدەتۆری سپاڕۆو " بانگەشەی ئەوەی کردووە لە پشت ئەو تێکدانەوە بووە. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆی ئیسڕائیل بە هەمان شێوە بانگەشەکەی گروپەکەیان بڵاوکردەوە.

گروپەکە لە بەیاننامەیەکدا لە تێلیگرام ڕایگەیاند " ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییە بە شێوازێکی کۆنتڕۆڵکراو ئەنجام دراوە بۆ خۆبەدوورگرتن لە زیانگەیاندن بە خزمەتگوزارییە بەپەلەکان."

وتیشی " هێرشە ئەلیکترۆنییەکە وەڵامێک بووە بۆ دوژمنکاری کۆماری ئیسلامی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا."

کاتێک سەبارەت بەو هێرشە ئەلیکترۆنییانە پرسیاری لێکرا، وتەبێژی حکومەتی ئیسڕائیل تەل هێنریک بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هیچ شتێکمان نیە بۆ وتن سەبارەت بە بانگەشەکانی ئێران."

دەزگای بەرگری شارستانی ئێران کە بەرپرسە لە ئاسایشی ئەلیکترۆنی وڵاتەکە، وتی هێشتا تاوتوێی سەرجەم ئەو ئەگەرانە دەکەین کە دەکرێت هۆکار بن.

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران وتیشی گروپە هاککەرەکە لە ڕابردووشدا بەرپرسیارێتی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانییان دژی بەنزینخانەکانی ئێران و تۆڕەکانی هێڵی شەمەندەفەر و کارگەکانی پۆڵا ڕاگەیاندووە.

ساڵی ڕابردوو گروپەکە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا تەقینەوەیەک لە ناو یەکێک لە کارگەکانی پۆڵادا ڕوودەدات و دەڵێت بەهۆی هاککردنێکەوە ئەو تەقینەوەیە ڕوویداوە.

لە ساڵی 2021 دا هێرشێکی گەورەی ئەلیکترۆنی فرۆشتنی بەنزینی تێکدا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی خەڵکەکە لە سەرانسەری ئێراندا ڕیز بگرن بۆ وەرگرتنی بەنزین. ئێران وتوویەتی ئەمەریکا و ئیسڕائیل ڕەنگە لە پشت ئەو هێرشانەوە بووبێتن.

ڕەزا ناڤاری وتەبێژی دەستەی بەنزینخانەکانی ئێران بە دەزگای هەواڵی فارسی وت کەمی نییە لە بەنزیندا بەڵام داوای لە شۆفێرەکان کرد نەچن بۆ بەنزینخانەکان.

ناڤار وتی " کێشەیەکی سۆفتوێر هەیە لەگەڵ سیستمی بەنزیندا و لە چەند بەنزینخانەیەکی وڵاتەکە ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە و لە ئێستادا شارەزایان ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن."

وەزارەتی نەوتی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا وتی هێرشەکە پەیوەست بووە بە پلانەکانەوە بۆ زیادکردنی نرخی بەنزین، سیاسەتێک کە لە ساڵی 2019 دا بووە هۆی کەوتنەوەی خۆپیشاندانێکی گەورە و لە ئەنجامدا سەرکوتکارییەکی توندی لێکەوتەوە.

لەلایەکی دیکەوە یەکەی ئەلیکترۆنی ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە وتی ئێران و حیزبوڵا سێ هەفتە لەمەوبەر لە پشت هەوڵێکی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە بوون بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی باکووری ئیسڕائیل. وتی بەرپەرچی هێرشەکە دراوەتەوە بەڵام هاککەرەکان توانیویانە " هەندێک لە زانیاری هەستیارییان دەستبکەوێت کە لە سیستمی زانیاریی نەخۆشخانەکەدا هەڵگیرابوون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG