شه‌ڕی نێوان هێزه‌کانی حیزبی دیموکرات کوردستانی ئێران و کۆماری ئیسلامی له چوار حه‌وتووی ڕابردوودا به‌رده‌وام بووه. سه‌رچاوه‌کانی کۆماری ئیسلامی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له ده‌ورووپشتی شنۆ، مه‌هاباد و سۆڵ ئاوای مه‌ریوان ڕوویانداوه توانیویانه 28 پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموکرات بکوژن. به‌ڵام به پێی ئه‌وه‌ی که کۆماری ئیسلامی ڕێگه نادات ئه‌م بانگه‌شانه له لایه‌ن میدیاکانه‌وه به سه‌ربه‌خۆیی پشتڕاست بکرێته‌وه، درووستی بانگه‌شه‌کانی له ژێر پرسیاردایه.
له هه‌مان کاتدا، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هه‌واڵی گیان به ختکردنی 11 پێشمه‌رگه‌ی ڕاگه‌یاندوه. ئه‌و حیزبه هه‌روه‌ها ڕایده‌گه‌یه‌نێت که کۆمه‌ڵێکی نادیار له به‌رپرسان و ئه‌ندامانی خۆجێی سوپای پاسداران له ده‌رئه‌نجامی ئه‌م شه‌ڕانه‌دا کوژراون.
ئه‌و حیزبه پێشتر ڕایگه‌یاندبوو که ئه‌وان بۆ جێ به جێکردنی چالاکییه‌کانی سیاسی خۆیان تیمه‌کانیان ده‌نێرنه ناوخۆی کوردستانی ئێران و تا کاتێک هێرش نه‌کرێته سه‌ریان، هێرش نابه‌نه سه‌ر بنکه سه‌ربازییه‌کانی کۆماری ئیسلامی.
ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه به پێی ئه‌وه‌ی که کۆماری ئیسلامی به توندی به‌ره‌نگاری تیمه‌کانی حیزبی دێمۆکڕات بووه و ئه‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌ش گیانیان به‌خت کردووه، ئاخۆ ئه‌و حیزبه تاکتیکی خۆی له ئاماده بوونی به‌رگرییه‌وه بۆ هێڕش بردن ده‌گۆرێت؟
له وتووێژێک له گه‌ڵ به‌ڕێز کاوه به‌هرامی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و شۆڕای نیزامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نوێترین هه‌واڵه‌کانی پێوه‌ندیدار به ئه‌و چالاکییانه و هه‌روه‌ها ئه‌و پرسیارانه تاوتوێ ده‌که‌ین.