حکومەتی ئێران دژایەتی دەستپێشخەرییەکەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد کە تیایدا داوایان کردووە چیتر ئێران پابەندی بەرپرسیارێتیە ناوەکییەکان نەبێت و ڕێگە بە پشکنەرە نێودەوڵەتیەکان نەدات کارخانە ناوەکییەکانی ئێران بپشکنن، ئەمەش دوای کوژرانی زانای ئەتۆمی ئێران موحسین فەخریزادە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەعید خەتیب زادە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " حکومەت بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە بەم پلانە ڕازی نیە." وتیشی " حکومەت پێی وایە ئەم پلانە پێویست نیە و سوودی نیە."
پڕۆژە یاساکەی پەرلەمان کە پێویستی بە چەند هەنگاوێکی دیکەیە تاوەکو لە کۆتاییدا ببێتە یاسا، داوا لە حکومەت و دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران دەکات سەردانەکانی پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بۆ کارخانەکانی ئێران " ڕابگرن " و ساڵانە 120 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی لە سەدا 20 بەرهەم بهێنن." ئەوەش لەپێناو " پێویستیەکانی پیشەسازی نیشتیمانیدا."
ئەم دوو داوایەی پەرلەمان لەگەڵ بەڵێنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا یەک ناگرنەوە کە دەبێت ڕێز لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بگرێت و پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی بێت.
سەرچاوە/ فرانس پرێس