Accessibility links

ڕۆحانی: ئێران و پاکستان هێزێکی هاوبەشی کاردانەوەی خێرا لەسەر سنوور پێکدەهێنن


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی و سەرۆک وەزیری پاکستان عیمران خان
سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی و سەرۆک وەزیری پاکستان عیمران خان

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری پاکستان عیمران خاندا وتی دوو وڵاتەکە هێزێکی هاوبەشی کاردانەوەی خێرا لەسەر سنووری نێوان ئێران و پاکستان پێکدەهێنن بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی چالاکیەکانی توندڕەوان لە ناوچەکەدا.

کەناڵی فەڕمی ئێران ئاماژەی بەوەدا ڕۆژی یەکشەممە خان گەیشتۆتە ئێران بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی ئاسایش و هەرێمەکە، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ئیسلام ئاباد داوای لە تاران کرد ڕێوشوێن بگرێتەبەر دژی ئەو توندڕەوانەی کە بەرپرس بوون لە هێرشەکەی هەرێمی بلوخستانی پاکستان.

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و پاکستان گرژییان تێکەوت و هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی هەوڵی تەواو نادەن بۆ لەناوبردنی ئەو توندڕەوانەی کە باوەڕ وایە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە وەکو پەناگەیەک بۆ خۆیان بەکاردەهێنن.

ڕۆحانی لەمیانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا وتی " ڕێکەوتووین لەسەر زیادکردنی هاریکارییە ئەمنیەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هەواڵگری نێوانمان، هەروەها ڕێکەوتووین لەسەر پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی کاردانەوەی خێرا لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."

خان وتی چالاکی توندڕەوان لەسەر سنوور سەرچاوەی گرژییەکانە.

خان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە هاوبەشەکەدا وتی " گرنگترین هۆکاری ئەوەی کە من لێرەم ئەوەیە کە هەستم کرد بابەتی تیرۆر ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەمان زیاتر دەکات."

وتیشی " بۆیە زۆر گرنگ بوو بۆم لەگەڵ سەرکردەی ئاسایشی خۆماندا بێمە ئێرە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە."

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو هێرشێک لە هەرێمی بلوخستان ڕوویدا و تیایدا چواردە کەس ڕفێندران و دواتر کوژران. گروپێکی نوێ بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی ڕاگەیاند. ئەم گروپە بە چەتری هاوپەیمانێتی نێوان ئەو گروپە یاخیبووانە دادەنرێت کە لە هەرێمەکەدا چالاکیان هەیە کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان پاکستان و ئێران.

دواتر خان چاوی بە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی کەوت و خامنەئی وتی دوژمنان پشتیوانی لەو گرژییانە دەکەن کە لە ناوچە سنوورییەکاندا هەیە.

دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی لە زاری خامنەئییەوە بڵاویکردەوە " ئەو گروپە تیرۆریستیانەی کە سەرچاوەی تێکدانی ئاسایشن لەسەر سنوور، پارە و چەک لە دوژمنەوە وەردەگرن، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم تێکدانەش ژەهراویکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیە."

جێی ئاماژەیە ئێران سعودیە تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی پشتیوانیکردنی یاخیبووە چەکدارەکان، لەلای خۆشیەوە سعودیە ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەحمود قەرشی ڕۆژی شەممە وتی بنکەکانی مەشق و بنکە لۆجیستیکیەکانی سەر بەو هاوپەیمانێتیە نوێیەی کە هێرشەکەیان ئەنجامدا، لە ناو ئێراندا بوونیان هەیە، هەروەها داوای لە ئێران کرد ڕێوشوێن بگرێتەبەر دژی ئەو هاوپەیمانێتیە نوێیە.

لەلای خۆیەوە تاران دەڵێت گروپە تیرۆریستیەکان لە پەناگە پارێزراوەکانی پاکستانەوە دەست دەکەن بە کارەکانیان، چەند جارێکیش داوای لە ئیسلام ئاباد کردووە ڕێوشوێن دژیان بگرێتەبەر.

جێی ئاماژەیە دوای کردەوە خۆکوژییەکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران لە مانگی دوودا کە بووە هۆی کوژرانی 27 سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران، تاران ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی بەدرێژایی سنووری نێوان وڵاتەکەی و پاکستان توندترکردۆتەوە. بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن ئەنجامدەرانی هێرشەکە لە پاکستانن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG