Accessibility links

ئێران هەڕەشەی لێدانی گروپـێـکی بلوچی لە نێو خاکی پاکستان دەکات


سەرۆکی ستونە لەشکریەکانی ئێران بە ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی هێرشکردنە سەر چەکدارانی گروپی جەیشولعەدلی بلوچەکان لە ناو پاکستان دەکات.

تەلەفیزیۆنی فەرمی دەوڵەتی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە زاری جەنەڕاڵ محەمەد حسێن باقری بڵاویکردەوە کە گوتەیەتی ئەگەر بێت و چەکدارانی جەیشولعەدل بەردەوامبن لەوەی لە نێو خاکی پاکستانەوە هێرش بکەنە سەر سەربازانی ئێرانی، ئەوا بنکە و پەناگەی ئەو گروپە لە هەر شوێنێـکدا هەبن دەیانکەنە ئامانج.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئێران پاش هەفتەیەک دێت لەوەی شاندێـکی ئێرانی بە سەرۆکایەتی محەمە جەواد زەریف وەزیری دەرەوە گەیشتە ئیسلام ئاباد و لەوێ لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای پاکستان کۆبوونەوە سەبارەت بە هێرشی چەکدارانی گروپی جەیشولعەدلی بلوچەکان بۆ سەر سەربازانی ئێرانی لە ناوچە سنووریـیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بەپـێی لێدوانی بەرپـرسان، هەردوو وڵات ڕێکەوتوون کە ڕێگە نەدرێت چەکدارانی تێرۆرست خاکی وڵاتەکانیان بەکاربهێنن و ببنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشیان.

دوو هەفتە لەمەوبەر چەکدارانی جەیشولعەدل 10 سەربازی ئێرانیان کوشت لە نزیک ناوچەی سنووری میر جاوە کە نزیکەی 75 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری زاهیدانەوە دورە. ئێران دەڵێت لە ناو خاکی پاکستانەوە تەقەیان لە سەربازەکان کردبوو.

XS
SM
MD
LG