یاسادانه‌رانی ئێرانی داوا ده‌که‌ن ڕێبه‌رانی ئۆپۆزسیۆن ڕووبه‌ڕووی سزای مه‌رگ ببنه‌وه بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانی دژه حکومه‌ت له چه‌ندین شاری ئێران‌دا.
یاسادانه‌ره کۆنه‌پاره‌ێزه‌کان له ڕۆژی سێشه‌ممه ڕایانگه‌یاند ڕێبه‌ری ئۆپۆزسیۆن میر حوسه‌ین موسه‌وی و مه‌هدی که‌ڕووبی به تاوانی ئاژاوه‌گێڕی دادگایی بکرێن، که تاوانێکه سزای مه‌رگی له‌سه‌ر ده‌سه‌پێنرێت.
هه‌ردوو ڕێبه‌ری ڕیفۆرمخواز له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا له تاران و شوێنه‌کانی تر داوای خۆپیشاندانیان ڕێکخست بۆ نیشاندانی هاوخه‌می و پشتیوانی له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دواییانه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب دژ به حکومه‌تانی تاکڕه‌و.
ماڵپه‌ڕی موسه‌وی ڕایگه‌یاندووه که ڕاپۆرتی پشتڕاست نه‌کراوی پـێگه‌يشتووه که هێزه‌کانی ئاسایش به سه‌دان که‌سیان له میانه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانه‌دا ده‌ستگیر کردووه، که به هه‌زاران خه‌باتکار چوونه سه‌ر شه‌قامه‌کانی پایته‌خت سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌کردنی له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه.
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ئێران ئه‌حمه‌د ڕه‌زا ڕادان ده‌ڵێت خۆپیشانده‌ران ده‌ستگیرکراون به‌ڵام نه‌ی گوتووه چه‌ند که‌س. ناوبراو گوتیشی گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی قه‌ده‌غه‌کراویش به‌شدارییان له‌و خۆپیشاندانه کردووه‌و ته‌قه‌یان له پۆلیس کردووه، که‌سێکی ڕێبواریان کوشتووه و 9 کارمه‌ندی هێزه‌کانی ئاسایشیش برینداربوون. ئه‌م ڕووداوه له هیچ لایه‌نێكی سه‌ربه‌خۆوه پشتڕاست نه‌کراوه.
گه‌واهیده‌ران ده‌ڵێن هێزی پاراستنی ئێرانی گولـله‌ی لاستیکی و گازی فرمێسک ڕێژیان بۆ بڵاوه‌پێکردنی خۆپیشانده‌ران به‌کارهێناوه، که هه‌ندێکیان دروشمیان گۆڕیبوو به‌وه‌ی ڕێبه‌رانی ئێرانیان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ره تاکڕه‌وه‌کانی میسر و تونس به‌راورد ده‌کرد که به سه‌رهه‌ڵدانی وڵاته‌که ده‌رکران.
سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئێران عه‌لی لاریجانی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی تاوانبارده‌کات به‌وه‌ی هانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ده‌ن بۆ نائارامی له ناو وڵاته‌که‌دا.