ڕۆژی دووشەممە ئێران ڕایگەیاند دژایەتی هەر " گۆڕانکارییەکی جیۆسیاسیی " دەکات لە ناوچەی قەوقازدا. ئەمەش لە کاتێکدایە ئێران لە مێژە دژایەتی ئارەزوویی ئازەربایجان دەکات بۆ دروستکردنی هێڵێکی گواستنەوە بە درێژایی سنووری نێوان ئەرمینیا و ئێراندا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی لە کاتێکدا کە پشتیوانی ئێرانی دەربڕی بۆ سەرکەوتنەکەی ئازەربایجان لە دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغدا، وتی تاران " دژی هەر گۆڕانکارییەکی جیۆسیاسییە لە ناوچەکەدا و ئەوەش هەڵوێستی ڕوونمانە."
کەنعانی لەو لێدوانەیدا ئاماژەی بە ڕێڕەوی وشکانی زانگیزور دەدا کە دەکرێت ئازەربایجان ببەستێتەوە بە هەرێمی نەخچیڤان و دواتر بە تورکیاوە.
پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئێران لە مێژە خراپن، ئەو هاووڵاتییانەی ئازەربایجان کە بە زمانی تورکی قسە دەکەن هاوپەیمانی نزیکی تورکیای ڕکابەری مێژوویی ئێرانن.
دوابەدوای هێرشە سەربازییە خێراکەی ئازەربایجان کە تێیدا هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغی کۆنتڕۆڵکردەوە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی زانگیزورەوە، هەندێک لە شارەزایان باوەڕییان وایە سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئالیێڤ ئێستا هەوڵی ئۆپەراسیۆن بدات لە باشووری ئەرمینیا و ئەوەش لە پێناو نزیکبوونەوە لە نەخچیڤان.
نەخچیڤان سنووری لەگەڵ ئازەربایجاندا نیە، بەڵام لە ساڵەکانی بیستەکانەوە بەستراوەتەوە بە ئازەربایجانەوە، دەشکەوێتە نێوان ئەرمینیا و تورکیا و ئێرانەوە.
لکاندنی ئەم ڕێڕەوە وشکانییە بە ئازەربایجانەوە کە ڕێڕەوێکی ستراتیژییە بۆ تاران، دەستڕاگەیشتنی ئێران بە ئەرمینیا و ئەوروپا دەبڕێت.
لێدوانەکانی کەنعانی دوای ئەوە هات سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەرمینیا ئارمین گریگۆریان ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی عەلی ئەکبەر ئەحمەدییاندا کۆبووەوە، ئەوەش لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ تاران.
کەنعانی وتی " دوو بەرپرسەکە تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەکانییان کردووە لە باشووری قەوقاز و جووڵە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا."
وتیشی " ئێمە هەمیشە پشتگیریمان لە گەڕاندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان کردووە بۆ ئازەربایجان." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ناگۆرنۆ قەرەباغ.
کۆماری ئیسلامی ئێران کە سنووری لەگەڵ ئەرمینیا و ئازەربایجانیشدا هەیە، کۆمەڵگەیەکی 10 ملیۆن دانیشتووی ئازەری هەیە لە وڵاتەکەدا، کۆمەڵگەیەکی ئەرمەنەکانیشی تێدایە کە ژمارەیان دەگاتە کەمتر لە 100,000 کەس.
پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان لە مانگی یەکدا خراپتر بوون کاتێک چەکدارێک هەڵیکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان و دیبلۆماتکارێکی کوشت و دوو پاسەوانی باڵیۆزخانەکەی بریندار کرد.
تاران لەوەش دەترسێت کە ئیسڕائیلی دوژمنی، کە چەک دەفرۆشێت بە ئازەربایجان، خاکی ئازەربایجان بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
سەرچاوە/ فرانس پرێس