Accessibility links

ئێران بەڵێن دەدات وەڵامی سزاکانی ئەمەریکا بداتەوە


ئێران ڕایگەیاند سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران مەرجەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی پێشێلکردووە و بەڵێنیدا وەڵامێکی گونجاوی ئەمەریکا بداتەوە.

سەرۆک ترامپ لە کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا باسی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئەمەریکا و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ ئێران کردوو و بە خراپترین ڕێکەوتن ناودێریکرد.

ئێران وتی لەلای لیژنەی سەرپەرشتیار لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە سکاڵا لەسەر ئەمەریکا تۆمار دەکات سەبارەت بەو سزایانەی کە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا هەفتەی پێشوو سەپاندیان بەسەر ئێران و ڕوسیا و کۆریای باکووردا بەهۆی ئەوەوە کە ئێران پەرە بەبەرنامە موشەکییەکەیی دەدات و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات.

دەزگای هەواڵی تەڵەبە لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عەراقجیەوە بڵاویکردەوە " ڕێکەوتنە ناوەکییەکە پێشێلکراوە و وەڵامدانەوەیەکی گونجاومان دەبێت لەسەر ئەم بابەتە."

شایەنی باسە ڕوسیا وەڵامی سزا نوێیەکانی ئەمەریکای دایەوە بە دەرکردنی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕوسیا بەڵام هیچ پەیوەندییەکی سیاسی و دارایی ڕاستەوخۆ نیە لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا بۆیە بژاردەکانی ئێران بۆ چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئەمەریکا سنووردارە. عەراقجی وتی وەڵامدانەوەی ئێران زیرەکانە دەبێت.

وتیشی " ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا لە سەپاندنی ئەم سزایانە ئەوەیە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە نەهێڵن و ئێمەش زۆر بەزیرەکانە وەڵامی ئەم ڕێوشوێنانەی ئەمەریکا دەدەینەوە."

شایەنی باسە ئەمەریکا یەکێکە لەو شەش وڵاتەی کە ڕێکەوتنەکەیان ئەنجامداوە لەگەڵ ئێراندا، ئەو وڵاتانەش ڕوسیا و چین و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیان و هەموویان دەڵێن ڕێکەوتنەکە سەرکەوتوو بووە لە هێمنکردنەوەی ڕەوشەکە و ترسی ئەو ئەگەرەی ئێران پەرە بە بەرنامە ناوەکییەکەی بدات.

XS
SM
MD
LG