فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پشتیوانی لە هەڕەشەکەی حەسەن ڕوحانی سەرۆکی وڵاتەکەی کرد کە گوتویەتی ئەگەر ڕێگەبگیرێت لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران، ئەوا هیچ مسۆگەر نییە نەوت لە تەواوی ناوچەکە هەناردەبکرێت.
قاسم سولەیمانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە نامەیەکی کراوەی بۆ ڕوحانی نووسیویەتی ئەوەی لە بارەی هەناردەی نەوتی ئێرانەوە باستکردووە و هەروەها هەڵوێستی ئێران لە بەرامبەر ئیسرائیل "جێگەی فەخر و شانازیمانە."
دەشڵێت "ئەوە ئەو ڕوحانیـیەیە کە ناسیومانە و دەیناسین و دەبێت وەها بێت."
پاشان لە کۆتایی نامەکەی ڕووی دەمی لە ڕوحانی دەکات و دەڵێت "هەردوو دەستت ماچ دەکەم بۆ ئەو وتارە ژێر و دوروستەی داوتە، وە ئامادەیی خۆم دەردەبڕم بۆ ئەنجامدانی هەرچی لە بەرژەوەندی ڕژێمی ئیسلامیدابێت."
پـێشتر ڕۆژی سێشەممە ڕوحانی هەڕەشەی کرد بەوەی ئێران ڕێگە نادات نەوتی وڵاتانی دراوسێی هەناردەبکرێن ئەگەربێت و واشنتن بەردەوامبێت لە ناچارکردنی وڵاتان لە نەکڕێنی نەوتی ئێران.
ڕوحانی وردەکاری زیاتری نەدا، بەڵام پـێشتر کاربەدەستانی دیکەی ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمزیان کردووە لە بەرامبەر هەر کارێکی ئەمەریکا لە دژی ئێران.