Accessibility links

وەزیری نەوتی ئێران: تۆتالی فەڕەنسایی لە گرێبەستێکی لەگەڵ تاران کشاوەتەوە


وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت کۆمپانیای نەوتی تۆتالی فەڕەنسایی بە فەرمی لە پـرۆژەیەکی چەندان ملیار دۆلاری وڵاتەکەی کشاوەتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە زاری بیژەن نامدار زەنگەنە بڵاویانکردەوە کە گوتویەتی"تۆتال بە فەرمی لە گرێبەستی پەرەپێدانی قۆناغی 11 لە کێڵگەی نەوتی پارسی باشوری کشاوەتەوە. زیاتر لە دوو مانگە ڕایگەیاندووە لە گرێبەستەکە دەکشێتەوە."

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پاش ئەوەی لە مانگی پـێنج لە ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ تاران کشایەوە، بڕیاری دا بە دوو قۆناغ سزاکانی بەسەر ئێراندا بسەپـێنێتەوە. قۆناغی یەکەم لە 7 ی ئەم مانگەوە دەستیپـێکردەوە و قۆناغی دووەم لە 5 ی مانگی یازدە دەستپـێدەکاتەوە و کەرتی پیشەسازی نەوتی ئێران دەکاتە ئامانج.

پـێشتر تۆتال ڕایگەیاند ئەگەربێت و واشنتن مۆڵەتێکی تایبەتی پێنەدات ئەوا ناتوانێت درێژە بە کارەکانی لە ئێران بدات.

ئەمەریکا دەڵێت هەرچ وڵاتێک و لایەنێک و کۆمپانیایەک هەتا مانگی یازدە کۆتایی بە گرێبەستە نەوتیـیەکانی لەگەڵ تاراندا نەهێنێت، ئەوا دووچاری سزاکانی واشنتن دەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG