Accessibility links

پـێشنیارێک خراوەتە بەردەم پەرلەمانی ئێران بۆ کشانەوە لە پەیماننامەی نەهێشتی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی


ماڵپەڕی پەرلەمانی ئێران نووسیویەتی پـێشنیارێک بۆ کشاندنەوەی ئێران لە پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی ئەمڕۆ سێشەممە خراوەتە بەردەم دەستی پەرلەمانتارانەوە.

ماڵپەڕەکە نەینووسیوە کەی دەنگ لەسەر پـێشنیارەکە دەدرێت.

هەفتەی ڕابردوو محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی ڕەنگە وڵاتەکەی لە پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی Nuclear Non-Proliferation Treaty بکشێتەوە ئەگەرهاتوو وڵاتانی ئەوروپا لەسەر ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان قەسەیان لەسەر کرد.

بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر سیاسەتی ناوکی لە ئێران لای عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێرانە.

نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕایانگەیاند ئێران ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ساڵی 2015 پـێشێل دەکات، بۆیە ڕەنگە جارێکی دیکە مەسەلەی ناوکیـیەکەی ئێران ببنەوە ئەنجومەنی ئاسایش و سەرلەنوێ سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بسەپـێنن.

XS
SM
MD
LG