Accessibility links

سەرۆکی ئێران دەڵێت ئەگەر ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە پاشگەزببێتەوە ئەوا پەشیمان دەبێتەوە


سەرۆکی ئێران دەڵێت ئەگەربێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە پاشگەزببێتەوە، ئەوا تەنیا پەشیمانی بۆ دەمێنێتەوە.

حەسەن ڕوحانی ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێکیدا لە تاران گوتی" ئێمە یەکەم لایەن نابین ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە پـێشێل بکات، بەڵام ئەگەر ئەوان (ئەمەریکا) پـێشێلی بکات ئەوا دەبێت باش بزانێت پەشیمان دەبێتەوە."

پاشان گوتی " ئێمە زۆر لەوە زیاتر ئامادەین کە پـێشبینی دەکەن. ئەگەر ڕێکەوتنەکە پـێشێل بکەن، ئەوا لە ماوەی هەفتەیەک یان کەمتر لە هەفتەیەک ئەنجامەکەی دەبینن."

باسی لەوەش کرد ئەگەر ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە پاشگەزببێتەوە مانای ئەوەیە واشنتن پابەندی بەڵێنەکانی نابێت و بەمەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی متمانەی نامێنێت، بەڵام لە بەرامبەریشدا ئێران لە بەردەم ڕای جیهانی براوە دەبێت بەوەی وابەستەی بەڵێنەکانی بووە.

لە لایەکی دیکە بێهروز کەمالوەندی گوتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران گوتی وڵاتەکەی دەتوانێت تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا یۆرانیۆم بە ڕێژەی 20% بپـیتێنێت.

جەختی کردەوە لێدوانەکەی تەنیا ڤسە نیـیە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەیە زیاتر لە 1600 ئامێری سەنتەرفیوجیان لە دەزگای ناوکی فردو هەیە کە دەستیان بۆ نەبراوە و لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.

جێی ئاماژەیە پـیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی زیاتر 20% شیانی هەیە بۆ دروسـتکردنی چەکی ناوکی بەکاربهێنرێت.

سەرۆک ترامپ چەندان جار لە بارەی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ئێران نیگەرانی دەربڕیوە و دەڵێت خراپـترین ڕێکەوتنە کە هەتا ئێستا تیایدا ئەمەریکا بەشداری کردبێت، بۆیە داوا دەکات گۆڕانکاری تیایدا بکرێت بە شێوەیەک هیچ بوارێک بۆ ئێران نەهێڵێتەوە هەوڵی دروستکردنی چەکی ناوکی بدات.

بەپـێی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە دەبێت ئێران دەزگا هەستیارەکانی ناوکی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لە بەرامبەردا کۆمەڵی نێودەوڵەتی وردە وردە سزاکانی لەسەر لابەرێت.

XS
SM
MD
LG