Accessibility links

کۆمیسیۆنی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ئێران یەکەم کۆبوونەوەی خۆی سازدەکات


ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیـیەکەی کە لە سەر بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێران کراوە، ئەمڕۆ دووشەممە بەرەوپـێشچوونی بەخۆیەوە دی لەگەڵ سـازکردنی یەکەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوبەشی نێوان لایەنەکان بۆ چۆنێتی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە.

لەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، کاربەدەسـتانی باڵای ئێران و ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕووسیا و چین و ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا تیایدا بەشدارن کە لە ڤیەنـنا بەڕێوەدەچێت، واتە ئەو شارەی لە مانگی حەوتدا تیایدا بەم ڕێکەوتنەی ئەمڕۆ گەیشتوون، بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێران لە بەرامبەر سوککردن و لابردنی سزاکانی سەر ئێران.

بڕیارە کۆمسیۆنەکە سـاڵانە چوار جار کۆببێتەوە بۆ تاووتوێکردنی بابەتەکانی وەکو گۆڕینی سیستەمی ئاوی قورس لە ڕیاکتەری توێژینەوەی ئاراک و پـرۆژەکانی دەزگای ناوکی فۆردۆ لەگەڵ بابەتەکانی دیکەی پەیوەستن بە مەسەلەی لابردنی سزاکان. هەروەها یەکەم قۆناغیش دەبێت بۆ ڕاپـۆرتدان لەسەر پـێشێلکاریـیەکانی لە ڕێکەوتنەکە دەکرێت لە لایەن هەر کام لایەکەوە بکرێت.

سەرۆک ئۆباما دوێنێ یەکشەممە داوای لە حکومەتەکەی کرد دەستبکات بە ئامادەکاری بۆ لابردنی سزاکانی سەر ئێران لەم دەمەی ئێرانیـیەکانیش لای خۆیانەوە هەستاون بە لابردنی هەزاران سەنتەرفیوج و کەمکردنەوەی یۆرانیۆمی عەمبارکراو و لابردنی کرۆکی ریاکتەری دەزگای ئاراک.

یەکێتی ئەوروپاش دوێنێ یەکشەممە بڕیارێکی پەسەندکرد کە ڕێگە بە ئەندامەکانی دەدات دەستبەکاربن بۆ لابردنی سزاکانی سەر ئێران. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فرانک واڵتەر شتاینمەر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی سزاکان لەسەر ئێران دەمێنـنەوە هەتا ئەو کاتەی تاران دەیسەلمێنێت پابەندی ڕێکەوتنەکە دەبێت.

XS
SM
MD
LG