Accessibility links

خامەنەیی لەگەڵ ئەوەدایە پەرلەمانی ئێران دەنگ لەسەر ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە بدات


تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران دەڵێت عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای ئێران گوتویەتی لەگەڵ ئەوەدایە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەنگ لەسەر ئەو ڕێکەوتنە بدات کە کاربەدەسـتانی وڵاتەکەی لەگەڵ زلهێزانی جیهان لە بارەی بەرنامە ناوکیـیەکە پـێی گەیشتوون.

خامەنەیی ڕۆژی پـێـنجشەممە گوتویەتی " نابێت پەرلەمان لەم مەسەلەی ڕێکەوتنی ناوکیـیە پـشتگوێ بخرێت... ناڵێم دەبێت پەرلەمانتارەکان قبوڵی بکەن یان ڕەتیبکەنەوە. بڕیارەکە بە دەستی خۆیانە."

بەپـێی تەلەفیزیۆنەکە هەروەها خامەنەیی گوتویەتی" بە سەرۆکم گوتووە نەدانی بواری پـیاداچوونەوە بە ڕێکەوتنەکە بە یاسادانەران لە بەرژەوەندیماندا نابێت."

ڕێبەری ئێران لە قسەکانیشیدا جەختی کردۆتەوە کە دەبێت سزاکان هەڵبگیرێن نەک هەڵپەسێردرێن.

پاشان خامەنەیی ڕاینەگەیاند ئایا لەگەڵ ڕێکەوتنەکەدایە یان نا، بەڵام دەسـتخۆشی لە تیمی وڵاتەکەی بۆ دانوسـتاندنەکان کرد.

کۆمیتەیەکی تایبەتی پەرلەمانی ئێران کە زۆربەیان لە کۆنەپارێزەکانی نزیک لە خامەنەیـین دەسـتیانکردووە بە پـیاداچوونەوە بە ڕێکەوتنەکە بەر لەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. هێشـتا حکومەتی سەرۆک حەسەن ڕوحانی پـرۆژە یاساکەی لەم بارەیەوە ڕەوانەی پەرلەمان نەکردووە.

XS
SM
MD
LG