Accessibility links

ئێران ڕازی دەبێت بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە


ئێران ڕایگەیاند لە کۆتایی مانگی یانزەدا گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا دەستپێدەکاتەوە.

تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێکی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 دا لێدوانیان لەسەر پشتڕاستکردنەوەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان نەداوە.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و چین و ڕوسیادا کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. لەلای خۆشیەوە ئێران کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتیە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پێشێل کردووە.

لەو کاتەوە ئێران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیادکردووە، بەرپرسانی تاران دەڵێن وڵاتەکە ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ لەسەدا 60 زیادکردووە، بەڵام بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی، پێویستە ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بگاتە لە سەدا 90. لەم ساڵانەی دواییدا ئێران چەند جارێک ڕەتی کردۆتەوە ئامانج لە بەرنامە ناوەکییەکەی دروستکردنی چەکی ناوەکی بێت و دەڵێت تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە.

ڕۆژی چوارشەممە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران عەلی باقری کە ڕابەرایەتی شاندەکەی ئێران دەکات لە گفتوگۆکاندا، وتی " ڕازیبووین دەست بکەینەوە بە گفتوگۆکان بەر لە کۆتایی مانگی یانزە. هەفتەی داهاتوو بەروارەکەی ئاشکرا دەکەین."

دوابەدوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکو سەرۆکی ئێران، یەکێتی ئەوروپا و زلهێزەکانی جیهان فشارەکانیان بۆ سەر ئێران زیادکرد تاوەکو بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن.

ڕۆژی دووشەممە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران ڕۆبەرت مالێی هۆشداریدایە ئێران و وتی ئەگەر بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران پەرەبسەنێت ئەوا ئەمەریکا " بیر لە بژاردەی دیکە " دەکاتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG