Accessibility links

ئێران بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆ ناوەکییەکاندا بەدی دەکات


گەورە دانوستکاری ئێران لە گفتوگۆکانی ڤییەنادا سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان وتی بەرەپێشچوون هەیە لە گفتوگۆکاندا، هاوکات بەڕیتانیاش وتی گفتوگۆکانی ڤییەنا " دوایین دەرفەتە لەبەردەم تاراندا مابێتەوە."

ڕۆژی پێنجشەممە گفتوگۆکان سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان دەستیپێکردەوە، کە لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لێی کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئاماژەی بەوەداوە ئامادەیە ئەمەریکا بگەڕێنێتەوە سەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئێران لە بەرەو پێشچوونەکانی خولەکانی پێشتری گفتوگۆکان لادەدات و هەوڵی بەدەستهێنانی کات دەدات.

بەرپرسانی ئێرانیش بەردەوام دەڵێن جددین و پابەندی گفتوگۆکانن.

گەورە دانوستکاری ئێران عەلی باقری بە دەزگای هەواڵی ئێرنای ئێرانی وت " دوو لایەنەکە لە خاڵی ڕێکەوتنن لەسەر بابەتەکان. بەرەوپێشچوونێکی ئەرێنی و گرنگ هەبووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی گفتوگۆکاندا تەنانەت ڕێکەوتنیش نەبووە لەسەر ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چی بابەتێک بکرێت."

لێدوانەکانی باقری دوای ئەوە دێت وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت وتیان کاتەکە خەریکە تەواو دەبێت بۆ ئێران تاوەکو لەسەر ڕێکەوتنێک ڕێبکەوێت.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس وتی گفتوگۆکانی ڤییەنا " دوایین دەرفەتە بۆ ئێران تاوەکو بەشێوەیەکی جددیی بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG