Accessibility links

شاندێکی یەکێتی ئەوروپا سەردانی ئێران دەکات بە مەبەستی فشار بردن بۆ گەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتنی ناوکی


وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاد بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە شاندی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەماهەنگی کردنی وتووێژەکان، بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان سەردانی ئێران بکات.

بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت سەردانەکەی ئێنرکێ مۆرا " بە مەبەستی بەدواداچوونە بۆ ڕاوێژکردن لەنێوان هەردوولا سەبارەت بە بەرژەوەندی هاوبەش، بەتایبەتی پەیوەندییەکانی ئێران و یەکێتی ئەوروپا، ئەفغانستان و ڕێککەوتنی ناوکی."

ئەو ڕێککەوتنە کە گەمارۆکانی سەر ئێرانی کەمکردبۆوە لەبەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکی، لە ساڵی 2018 وە گرفتی تێکەوت لە کاتەوەی کە سەرۆکی ئەو دەمەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوەو سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا.

سەردانەکەی مۆرا بۆ ئێران هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و هەروەها ئەمەریکاش بۆ دەستبەجێ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی ناوکی و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە.

ڕۆژی یەکشەممە لە میانەی سەردانێکدا بۆ ئیسرائیل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ گوتی " پەیامەکە بۆ ئێران ڕوونە: دەستبەجێ بگەڕێرەوە سەر مێزی دانوستاندن."

تاران هەوڵی وەرگرتنی گەرەنتی لە ئەوروپا دەدات کە کشانەوەیەکی لەو جۆرەی ترامپ دووپات نەبێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەید خەتیبزادە ڕۆژی دووشەممە بە پەیامنێرانی گوت " پایتەختەکانی ئەوروپا بە بەرلینیشەوە، دەبێت گرەنتی ڕوون بدەن بە کۆماری ئیسلامی کە ئەمجارە هیچ لایەک سەرپێچی ڕێککەوتنەکە نەکات."

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بە خواستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە کردووە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە سەرەتای ئەم مانگەدا هۆشداری دا کە ئەو کات لەدەستدەچێت و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە.

وتووێژەکانی ڤیەنا لە نێوان ئێران و وڵاتانی ڕێککەوتنەکە لە نێویاندا بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ڕوسیا، لەوەتای هەڵبژاردنەکانی مانگی شەشی ئێرانەوە ڕاگیراون بەهۆی گۆڕانی بەڕێوەبەرایەتی تاران.

سەرۆکی نوێی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی کە، بەرپرسێکی پێشووی دەسەڵاتی دادوەری ئەوپەڕی کۆنەپارێزە، وا بیردەکرێتەوە کە کەمتر لە حەسەن ڕۆحانی پێشوو ئامادەبێت بۆ ئەوەی لە پێناو بەدەستهێنانی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕۆژئاوا گفتوگۆبکات.

هەرچەندە ئێران بە بەردەوامی گوتویەتی ئامادەیە وتووێژەکان بە "زوو" دەستپێبکاتەوە بەڵام هیچ کاتێکی دەستنیشان نەکردووە.
هەر لە پاش کشانەوەکەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە ئێران دەستیکرد بە کشانەوەی لە وابەستەیەکانی بە ڕێککەوتنەکەوە بۆیە واشنتن داوا دەکات سەرەتا دەبێت ئێران وابەستیەکانی خۆی بە ڕێککەوتنەکەوە نیشان بدات.




XS
SM
MD
LG