Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران: کشانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکیی بژاردەیەکی پێشنیارکراوە بەڵام تەنها بژاردە نیە


وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف وتی کشانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکیی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کە لە ساڵی 2015 دا واژۆ کرا بژاردەیەکی پێشنیارکراوە بۆ تاران بەڵام تەنها بژاردە نیە.

زەریف لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هیندستان وتی ئێران بەردەوام دەبێت لە بەرنامە موشەکییەکەیدا سەرەڕای ئاگادارییەکانی ئەمەریکا و وتیشی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نیە ئەم جۆرە بەرنامانە قەدەغە بکات.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا هۆشیارییەکی پێشوەختەیدا بە ئێران سەبارەت بەوەی کە ئێران بەنیازە سێ موشەک تاقی بکاتەوە و وتی ئەوە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات چونکە تەکنەلۆجیای موشەکی باڵیستیکی تیایدا بەکاردێت.

لە بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە داوا لە ئێران کراوە بۆ ماوەی هەشت ساڵ هیچ کام لەو چالاکیانە ئەنجام نەدات کە پەیوەستن بەو موشەکە باڵیستیکیانەوە کە لەتوانایاندا هەیە کڵاوەی ناوەکیی هەڵبگرن. بەڵام بڕیارەکە نەگەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە ئەو جۆرە چالاکییانە قەدەغە بکات.

ئێران بەدووری زانی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکادا بکات سەبارەت بە توانا سەربازییەکانی و بەرنامە موشەکییەکەی کە سوپای پاسداران سەرپەرشتی دەکات. هەروەها دەشڵێت ئەو بەرنامانە تەنها بۆ بەرگرین و ڕەتی دەکاتەوە موشەکەکانیان لەتوانایاندا هەبێت کڵاوەی ناوەکیی هەڵبگرن.

جێی ئاماژەیە لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتننامەی ناوەکیی لەگەڵ ئێراندا کشایەوە و سزاکانی بەتەواوەتی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. وتیشی ڕێکەوتنەکە کەموکورتی زۆر تێدایە و یەکێک لەو کەموکورتیانە ئەوەیە کە ڕێکەوتنەکە هیچ کۆتوبەندێکی لەسەر پەرەپێدانی موشەکی باڵیستیکی ئێرانی دانەناوە و هەروها هیچ کۆتوبەندێکی دانەناوە بۆ چالاکییەکانی ئێران لە سوریا و یەمەن و لوبنان و عێراقدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG