Accessibility links

نوێنەرانی ئەوروپا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دەکەن


نوێنەرانی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند پشتیوانی بەهێزی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەکەن کە لەگەڵ ئێراندا ئەنجام دراوە ئەگەر هاتوو ئێران بەردەوام بێت لە پابەندبوون بە ڕێکەوتنەکەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پێداچوونەوە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکیەکە دەکات کە لە ساڵی 2015 دا لەنێوان هێزەکانی جیهان و ئێراندا ئەنجامدراوە، هۆکاری پێداچوونەوەکەش بۆ ئەوەیە بزانێت کە ئایا ئەم ڕێکەوتنە لە بەرژەوەندیی ئەمەریکایە یاخوود نا.

دەیڤد ئۆ سۆلیڤانی نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە واشنتن لە دانیشتنێکدا وتی " ئێمە کۆکین لەسەر ئەوەی وازهێنان لەم ڕێکەوتنە شتێکی خراپە."

نوێنەری ئەڵمانیا پیتەر ڤیتیج وتی هەرکەسێک بیر لە کشانەوە دەکاتەوە لە ڕێکەوتنەکەدا ئەوا دەبێت بیر لە بابەتی گەورەتر بکاتەوە لەوانەش مەترسی زیادبوونی ئەرکەکانی پیتاندنی ئێران و هەڵگیرساندنی کێبڕکێی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی لە ناوچەیەکی ناجێگیردا و کاریگەری دەبێت لەسەر هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگە نەدان بە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی.

ڤیتیج پرسیاری کرد " ئەمە چ ئاماژەیەک دەدات بە وڵاتێکی وەکو کۆریای باکوور؟.. بۆیان دەسەلمێنێت کە ناتوانرێت پشت بە سیاسەت ببەسترێت و ناتوانرێت متمانە بە ڕێکەوتنە سیاسیەکان بکرێن."

ئەگەر هەتاکوو بەرواری 16 ی مانگی دە سەرۆک ترامپ لەبەردەم کۆنگرێسدا بڕیار نەدات لەسەر پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە ئەوا کۆنگرێس 60 ڕۆژی لەبەر دەستدا بێت بۆ ئەوەی بڕیار بدات سزاکان بسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا یاخوود نا.

نوێنەرانی ئەوروپا وتیشیان لە حاڵەتێکدا ئەگەر واشنتن لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە ئەوا هەرچی لەتواناماندا بێت دەیکەین بۆ پاراستنی ئەو کۆمپانیا ئەوروپیانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن و سزاکان ناسەپێننەوە بەسەریاندا.

نوێنەری بەڕیتانیا کیم دارۆچ وتی سەرۆک ترامپ و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی نیوەی گفتوگۆکانیان بۆ بابەتی ئێران تەرخان کردبوو کاتێک هەفتەی ڕابردوو لە نیویۆرک کۆبوونەوە، بەڵام سەرۆک ترامپ بڕیاری خۆی سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕانەگەیاند.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG