Accessibility links

ڕۆژی هەینی وڵاتانی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران لە ڤییەنا کۆدەبنەوە


وەزیرانی دەرەوەی چین و ڕوسیا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕۆژی هەینی لە ڤییەنا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا کۆدەبنەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ پاراستنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کە لە ساڵی 2015 دا لەنێوان ئەو وڵاتانەدا واژۆ کرا.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی لە بەیاننامەیەکدا جەختی لە سازدانی ئەو کۆبوونەوەیە کردەوە کە دەزگای فەڕمی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی چین و ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەت وانگ یی بەرەو ڤییەنا دەچن بۆ بەشداری کردن لە دانوستاندنەکاندا. وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤیش وتی بەشدار دەبێت.

دەزگای هەواڵی ئێرانی و دیبلۆماتکارە ئەوروپییەکان وتیان ئێران داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کردووە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، ئەوەش وەکو ڕووبەڕووبوونەوەی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنەکە و سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا.

لە مانگی هەشتدا سزاکان دەسەپێنرێنەوە بەسەر ئێراندا بەڵام هەندێک لە کۆمپانیا ئەوروپییەکان کە وەبەرهێنانیان هەیە لە ناو ئێراندا و کاری گەورەیان هەیە لە ئەمەریکا وتیان لە ڕێکەوتنەکانیان لەگەڵ تاراندا دەکشێنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG