له میانه‌ی توندکردنی سزاکان به‌سه‌ر ئێران‌دا بۆ ناچارکردنی ده‌ست له پرۆگرامی ناو‌کی هه‌ڵبگرێت، سه‌رۆکی ئێرانی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ڕایگه‌یاند ئێران ئاماده‌یه بۆ وتووێژه‌کانی ناو‌کی له‌گه‌ڵ زل هێزه‌کانی جیهانیدا.
به‌ڵام ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد گوتیشی سزاکان ئێران ناچارناکات سه‌ر بۆ داواکاریـیه‌کانی خۆرئاوا دابنه‌وێنێت.
ولایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی خوازیارن ئێران ده‌ست له پـیتاندنی یۆرانیۆمی هه‌ڵبگرێت به‌هۆی نیگه‌رانیـیه‌کان له‌وه‌ی که‌ره‌سته‌ی چه‌کی ناو‌کی لێوه دروستبکات. هه‌رچه‌ندێکه ئێران گوتویه‌تی ریاکته‌ره‌کانی ته‌نها بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه و توێژینه‌وه به‌کار ده‌هێنرێت.
ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌دا ئه‌م تێبینیـیانه‌ی دا له شاری کرمان له باشوری خۆرهه‌ڵاتی ئێران‌دا.
ئێران پێشتر گوتوبووی ئاماده‌یه بۆ قۆناغیکی نوێ وتووێژه‌کان له‌گه‌ڵ پێنج ئه‌ندامه هه‌میشییه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووکان و ئه‌ڵمانیادا.
وا چاوه‌ڕوانده‌کرێت تیمێکی باڵای نه‌ته‌وه یه‌کگرتووکان له رۆژی شه‌ممه‌دا سه‌ردانی تاران بکات.