Accessibility links

توانا موشەکییەکانی ئێران لە چ ئاستێکدایە؟


ئێران لە پڕۆگرامێکدا کە ڕۆژئاوا لە مێژە نیگەرانی دەربڕیوە لەسەری، پەرەی بە کۆمەڵێک موشەکی باڵیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان داوە. موشەکەکان بەشێکی گرنگن لە جبەخانەکەی تاران لە کاتێکدا کە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات دژی ئیسڕائیل لەسەر هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە سوریا.

بەپێی ئۆفیسی بەڕێوبەری هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکا، ئێران زۆرترین موشەکی باڵیستیکی هەیە لە ناوچەکەدا.

ئەمانەی خوارەوەش چەند وردەکارییەکن لەسەر موشەکەکانی ئێران:

دەزگای هەواڵی نیمچە فەڕمی ئیسنای ئێران لەم هەفتەیەدا گرافیکێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا نۆ موشەکی ئێرانی دەرخست کە گوایە لە توانایاندا هەیە بگەنە ئیسڕائیل. موشەکەکانیش بریتین لە: موشەکی "سەجیل " کە لە توانایدا هەیە لە ماوەی یەک کاتژمێردا زیاتر لە 17,000 کم بفڕێت و مەوداکەی دەگاتە 2500 کم، موشەکی "خەیبەر" کە مەوداکەی دەگاتە 2000 کم، موشەکی " حاج قاسم " مەوداکەی دەگاتە 1400 کم و بە ناوی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران قاسم سولەیمانییەوە ناوی لێنراوە، قاسم سولەیمانی چوار ساڵ لەمەوبەر لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکادا لە بەغداد کوژرا.

ئێران یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە مانگی هەشتدا ڕایگەیاند پەرەی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ناوخۆ داوە بە ناو " موهاجیر – 10 " ەوە کە مەوداکەی دەگاتە 2000 کم و لە توانایدا هەیە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بفڕێت و بارێکی 300 کیلۆگرامیش هەڵبگرێت.

ئێران دەڵێت موشەکە باڵیستیکییەکانی ڕێگریی و هێزێکی تۆڵەکردنەوەی گرنگن دژی ئەمەریکا و ئیسڕائیل و ئامانجەکانی دیکە لە ناوچەکەدا. ڕەتیشی دەکاتەوە هەوڵی بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات.

لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا، دەزگای هەواڵی ئیرنا بڵاویکردەوە ئێران یەکەمین موشەکی باڵیستیکی دەنگبڕی دروستکراوی ناوخۆی ئاشکرا کرد. موشەکە دەنگبڕەکان دەتوانن پێنج هێندە لە خێرایی دەنگ خێراتر بفڕن، بە ڕێڕەوێکی ئاڵۆزیشدا، ئەمەش وادەکات بەرپەرچدانەوەیان قورس بێت.

سەرەڕای دژایەتی ئەمەریکا و ئەوروپا، کۆماری ئیسلامی ئێران وتوویەتی بەردەوام دەبێت لە پەرەدان بە پڕۆگرامە موشەکییە بەرگرییەکەی.

ڕێکخراوی ناحکومی دەستەی کۆنتڕۆڵی چەک لە واشنتن دەڵێت پڕۆگرامە موشەکییەکەی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە دیزاینەکانی کۆریای باکوور و ڕووسیا بەستووە و سوودی لە یارمەتی چین وەرگرتووە.

هەروەها دەڵێت موشەکە مەودا کورت و مامناوەندەکانی ئێران بریتین لە موشەکی شەهاب – 1 کە مەوداکەی دەگاتە 300 کم، موشەکی زوڵفەقار مەوداکەی دەگاتە 700 کم، موشەکی شەهاب – 3 مەوداکەی دەگاتە 800-1000 کم، موشەکی عیماد-1 لە ژێر دروستکردندایە و مەوداکەی دەگاتە 2000 کم، موشەکی سەجیلیش لە ژێر دروستکردندایە و مەوداکەی دەگاتە 1500-2500 کم.

ئێران موشەکی کروزیشی هەیە، لەوانەش موشەکی Kh-55 کە توانای هەڵگرتن و هەڵدانی چەکی ئەتۆمی هەیە و مەوداکەی دەگاتە 3000 کم، هەروەها موشەکی پێشکەوتووی دژە کەشتی کە مەوداکەی دەگاتە نزیکەی 300 کم و توانای هەڵگرتنی باری 1000 کیلۆگرامی هەیە.

سوپای پاسدارانی ئێران لە مانگی یەکدا موشەکەکانی بەکارهێنا کاتێک وتی هێرشی کردووەتە سەر "بارەگاکانی ئیسڕائیل لە هەرێمی کوردستانی عێراق " و وتی هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە سوریادا. ئێران ڕاشیگەیاند هێرشی موشەکی کردووەتە سەر دوو بنکەی گروپێکی چەکداریی بەلوچەکان لە پاکستان.

سعودیە و ئەمەریکا وتوویانە باوەڕییان وایە کە ئێران لە پشت هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانییەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەدا بووە لە ساڵی 2019 دا. تارانیش ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە.

لە ساڵی 2020 دا ئێران هێرشی موشەکیی کردە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق، بە بنکەی ئەلئەسەدیشەوە، وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا کە بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی ئەو کاتەی هێزەکانی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغداد.

ئەمەریکا ئێرانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە حوسییەکانی یەمەن، حوسییەکان لە ماوەی جەنگی غەززەدا هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و ئیسڕائیلیش، لە هەڵمەتێکدا کە دەڵێن ئامانج لێی پشتیوانیکردنە لە فەلەستینییەکان. تاران ڕەتی دەکاتەوە چەکی دابێت بە حوسییەکان.

لە ساڵی 2022 دا حوسییەکان کۆمەڵێک موشەکی باڵیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان ئاڕاستەی ئیماڕات کرد، هەروەها بنکەیەکیشیان لەو وڵاتەدا کردە ئامانج کە میوانداری هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە ئیماڕاتدا، هێرشەکە لەلایەن سیستمی بەرگری موشەکی پاتریۆتی ئەمەریکاییەوە بەرپەرچدرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە حزبوڵای لوبنان کە ئێران پشتیوانی لێدەکات، دەڵێت حزبوڵا لە توانایدا هەیە لە ناو لوبناندا هەزاران ڕۆکێت بگۆڕێت بۆ موشەکی ورد و توانای هەیە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروست بکات.

ساڵی ڕابردوو سەرکردەی حزبوڵا حەسەن نەسڕەڵا وتی گروپەکەی لە توانایدا هەیە ڕۆکێتی ئاسایی بگۆڕێت بۆ موشەکی ورد، ئەوەش بە هاوکاری لەگەڵ " شارەزایانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیدا."

ئێران لە سوریاش موشەکی ئاڕاستەکراوی لەو وڵاتەدا جێگیرکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە شەڕی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەشار ئەسەد دژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئەمەش بەپێی بەرپرسانی هەواڵگری ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا.

سەرچاوەکان دەڵێن ئێران هەندێک لە تواناکانی بەرهەمهێنانی گواستووەتەوە بۆ دامەزراوە ژێرزەمینییەکان لە سوریادا، لەو ژێرزەمینانەدا هێزەکانی سوپاکەی ئەسەد و گروپە چەکدارییەکانی دیکە فێر بوون چۆن موشەکی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG