Accessibility links

خامنەئی: ئێران ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە شکست پێهێنانی داعش لە ناوچەکەدا


ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی وتی ئێران ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە شکست پێهێنانی ڕێکخراوی داعشدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەقامگیری گەڕاندۆتەوە بۆ زۆربەی ناوچەکان.

جێی ئاماژەیە ئێران لە ڕکابەرایەتیدایە لەگەڵ سعودیەدا بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵاتی زیاتر لە ناوچەکەدا کە ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی جەنگی یەمەن و لوبنان و هەروەها درێژبۆوە بۆ سوریاش.

ئێران سعودیە تۆمەتبار دەکات بەوەی پشتیوانی لە ڕێکخراوی داعش دەکات و سعودیەش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

خامنەئی لە لێدوانێکیدا وتی " کۆماری ئیسلامی ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە شکست پێهێنانی کۆمەڵە تیرۆریستەکانی ناوچەکەدا. کۆماری ئیسلامی سەقامگیری گەڕاندۆتەوە بۆ زۆربەی ناوچەکان و ئەوەش دەستکەوتێکی مەزنە."

هەروەها خامنەئی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی گوایە ئەو ڕێکخراوی داعشی دروست کردووە. وتیشی واشنتن ناتوانێت سەقامگیری بخاتەوە ناوچەکە ، وەکو نمونەیەکیش ئاماژەی بە بوونی سوپای ئەمەریکا کرد لە ئەفغانستان کە 16 ساڵە لەوێ دژی تاڵیبان دەجەنگن.

خامنەئی لە لێدوانەکەیدا لە شاری مەشهەد بەبۆنەی ساڵی نوێی ئێرانییەوە وتی " ئەمەریکییەکان دەڵێن ڕۆڵیان هەبووە لە شکست پێهێنانی داعشدا، ئەوە درۆیە."

هەروەها وتیشی ئێران دەست وەرناداتە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکەوە هەتاکوو داوای یارمەتی لێنەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG