Accessibility links

ئێران کۆت و بەندەکان لەسەر ڕێبەری ئۆپزسیۆنی وڵاتەکە سوک دەکات


کۆماری ئیسلامی ئێران کۆت و بەندەکانی سەر مەهدی کەڕوبی ڕێبەری ئۆپزسیۆن سوک کردوونەتەوە وەک یەکێک لە کوڕەکانی کەڕوبی ئەمڕۆ دووشەممە باسی کردووە.

مەهدی کەڕوبی لە ساڵی 2011 وە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرە و ئێستا ڕێگەی دراوەتێ خەڵک سەردانی بکەن.

ئەم لێدوانانەی موحەمەد حوسەین کەڕوبی بۆ هەردوو ئاژانسی ئیسنا و ئیلنا بووە کە نزیکن لە بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێرانەوە.

موحەمەد دەڵێت لەوەتای مانگی چوارەوە کە مەهدی کەڕوبی لە نەخۆشخانە هاتۆتە دەرێ، ئەندامانی خێزانەکەی وەک منداڵەکانی و بوکەکانی و نەوەکانیشی بۆ ماوەی چەندێک ویستبێتیان بیبینن، سەردانیان کردووە بەبێ هیچ کێشەیەک .

کەڕوبی کە لە مانگی نۆدا تەمەنی بووە هەشتا ساڵ، ڕێگەی دراوەتێ لە ماڵەکەی خۆیدا کەسایەتییە سیاسییەکانیش ببینێت پاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی پشکنینی خۆیان لەسەر ناوی ئەو کەسایەتیانە کردووە.

کەسوکارەکەی دەڵێن کەڕوبی تا ئێستا دوو جار لە مانگی نۆ و لە مانگی دەدا لەگەڵ "ئیسماعیل دۆستی" ئەندامی باڵا لە پارتی (ئیعتیمادی میللی)کۆبۆتەوە.

مەهدی کەڕوبی دامەزرێنەری پارتی (ئیعتیمادی میللی)یە.

کەڕوبی و میر حوسەین موسەوی کە ڕێبەرێکی تری ئۆپزسیۆنە و هەردووکیشیان پێشتر کاندید بوون بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئێران لە مانگی دووی ساڵی 2011 ەوە دەستبەسەرن بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لە خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەتدا بینیویانە.

خۆپیشاندانەکان دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی فێڵ و تەڵەکە کردن بووە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2009 ی سەرۆکایەتی ئێراندا کە مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەر بە بەرەی توندڕەوەکان هەڵبژاردنی بردەوە.

تا ئێستاش نە کەڕوبی و نە موسەوی بە هیچ تاوانێک گوناهبار نەکراون.

XS
SM
MD
LG