Accessibility links

ڕاپۆرتەکان: دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ڕۆژئاوای ئێران بیستراوە، هۆکارەکەی نەزاندراوە


بەپێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆی ئێران و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، دەنگی کۆمەڵێک تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی ڕۆژئاوای ئێران بیستراوە، بەڵام سروشتی تەقینەوەکان هێشتا نەزاندراوە.

دوای چەند ڕووداوێکی هاوشێوە لەم مانگانەی دواییدا، بەرپرسانی ئێران دەڵێن سوپای وڵاتەکە کۆمەڵێک مەشقی سەربازیی بەرگری ئاسمانیان ئەنجامداوە کە پێشتر ڕانەگەیەندراون. ئەمەش لەنێوەندی گرژییەکانیدا لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمەریکا.

دەزگای هەواڵی فارس لە زاری فەرمانڕەوای شارۆچکەی ئەسەدئابادەوە بڵاویکردەوە " دەنگێکی تۆقێنەر " بیستراوە، بەڵام سەرچاوەکەی ڕوون نەبووە." سەرەتا وا هەست کراوە دەنگەکە دەنگی هەورە بروسکە بووبێت، بەڵام ئەو ئەگەرە لابراوە و دەنگی هەورە بروسکە نەبووە.

ماڵپەڕی ڕۆکنای هەواڵی لە کەناڵەکەی لە تێلیگرام وتی " بەهێزیی دەنگەکە لە هەندێک شوێن بەشێوەیەک بووە دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانی هەژاندووە و خەڵکەکەش ماڵەکانیان جێهێشتووە."

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسڕائیل زیادییانکردووە، لەکاتێکدا تاران بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکادا لە گفتوگۆدایە سەبارەت بە دووبارە زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان.

ڕابەرانی ئیسڕائیل هەمیشە هەڕەشەی ئەنجامدانی کردەوەی سەربازییان کردووە دژی ئێران، ئەگەر هەست بکەن لە ڕێی دیبلۆماسییەوە ناتوانن ڕێگە بە تاران نەدەن ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG