Accessibility links

سەرۆکی لەشکری ئێران داوای دەرکردنی لایەنە کوردیـیەکانی ئۆپـۆزسیۆنی وڵاتەکەی لە عێراق دەکات


سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئێران داوای لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد لایەنەکانی ئۆپـۆزسیۆنی کوردی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەربکەن.

محەمەد باقری ئەمڕۆ سێشەممە لە مەراسیمێکدا لە تاران گوتی ئەو هێزە کوردیـیانە بەڵێنیان دابوو چالاکی لە ئێران ئەنجام نەدەن، بەڵام بە هاندانی ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە بەڵێنەکەیان شکاند.

گوتیشی هەرێمی کوردستان هەوڵی دابوو ڕێگریان لێبکات، بەڵام ئەوان گوێڕایەڵی نەبوون، بۆیە چیتر ئەوە قبوڵ ناکرێت.

باقری گوتی لەسەر هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە ڕێگە نەدەن ئەو بارەگایانە هەبن کە دەبنە مایەی ناسەقامگیری ئاسایشی ئێران. گوتیشی لەسەر هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمە ڕادەستی ئێرانیان بکەن، بەڵام ئەگەر ناتوانن ئەم کارە بکەن، ئەوا دەبێت لە عێراق دەریانبکەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەگەربێت و جارێکی دیکە هێرشی چەکداری لە دژیان ئەنجام بدەن، ئەوا شیانی هەیە هێرشی موشەکی بۆ سەریان دووبارە بکەنەوە.

باقری لە درێژەی قسەکانی گوتی" دوژمن بنکەی لە هەندێک وڵاتی ناوچەکە دامەزراندووە بە ئامانجی نانەوەی نائارامی و ناسەقامگیری لە ئێران، بۆیە چاوەڕێ نابین هەتا لە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەدرێت، بەڵکو کاردەکەین بۆ ڕیشەکێشکردنیان."

هاوکات بەهرام قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کەناڵی جەزیرە، هێرشە موشەکیـیەکەی ڕۆژی شەممەی سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە بە "هەوڵێک بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی ناودێرکرد".

جێی ئاماژەیە هێرشە موشەکیـیەکە و لێدوانی کاربەدەستانی ئێران لەم بارەیەوە لە کاتێکدایە کە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر تاران هەتا دێت و توندتر دەبن و ڕەوشی ئابوری ئێران هێندەی دیکە خراپتر دەبێت و دەسەڵاتدارانی ئێران هیچیان پـێناکرێت.

XS
SM
MD
LG