Accessibility links

دەیان ڕێکخراو داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بە پەلە بێتە دەنگ لە ئاست دەستگیرکردنی دەیان کورد لە ئێراندا


زیاتر لە 35 ڕێکخراوی سیڤیل و مافەکانی مرۆڤ لە نامەیەکدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بە پەلە بێتە دەنگ سەبارەت بەو دەیان کوردەی لە مانگی ڕابردوو لە ئێراندا دەستگیرکراون و هێشتا هۆکاری دەستگیرکردنەکانیان ڕوون نیـیە، بەڵام گومان دەکرێت تەنیا لەسەر دەربڕینی ڕاوبۆچوون بێت.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch کە یەکێکە لەو 36 ڕێکخراوەی نامەکەیان واژوکردووە، دەقی نامەکەی بڵاوکردووەتەوە.

بەپــێی ئەم ڕێکخراوانە لەوەتای 6 ی مانگی یەکی ئەمساڵەوە دەزگا سیخوڕیـیەکانی ئێران بە لایەنی کەم 96 کەسیان دەستگیرکردووە کە بریتین لە 88 پـیاو و 8 ژن و هەموویان کوردن و لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەن، لەوانە خوێندکار، مامۆستا، چالاکوانی سیڤیل، چالاکوانی سیاسی، زیندانیانی پـێشووی سیاسی و چالاکوانانی ژینگە. دەشڵێن دەستگیرکردنەکان ناوچەیەکی فراوانی ئێرانی گرتووەتەوە، هەر لە شارە کوردیـیەکانی وەک مەریوان و سەقز و بۆکان و بانە و کرماشان هەتا تارانی پایتەخت.

لە 2 ی ئەم مانگی دووەدا 7 کەسیان ئازادکراون، 3 کەسیان بە کەفالەت و 4 کەسیان بەبێ مەرج، بەڵام هێشتا 88 کەسیان لە زینداندان و بە لایەنی کەم 40 کەسیان بێسەروشوێن کراون و نازانرێت بۆ کوێ براون.

ئەو دەستگیرکراوانەشی شوێنی دەستگیرکردنیان زانراوە، پاش ئەوە بووە کە ڕێگەیان پـێداون بە تەلەفۆن تەنیا کەسوکاریان ئاگاداربکەنەوە لە کوێ دەستگیرکراون. لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتداران ئامادە نەبوون هۆکاری دەستگیرکردنەکانیان بۆ کەسوکاریان ئاشکرابکەن و تەنیا گوتوویانە بەو شێوەیە دەمێـننەوە هەتا لێکۆڵینەوەکان تەواودەبن. هەروەها ڕێگەیان بە دەستگیرکراوەکان نەداوە پارێزەریان هەبێت.

ڕێکخراوەکان لە نامەکەیاندا دەڵێن ئەم شێوازی دەستگیرکردنانە یاسای ئێران و یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ پـێشێل دەکەن. بۆیە داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەن بە پەلە بێتە دەنگ لەسەر ئەو شەپـۆلی دەستگیرکردن و بێ سەروشوێنکردنەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت و دەیان کەسی کوردی کردووەتە ئامانج.

ڕێکخراوەکان دەڵێن بەپـێی زانیاری بڕواپـێکراو کە پـێـیان گەیشتووە، مەترسی جدی هەن هۆکاری دەستگیرکردنەکان دەربڕینی ڕاوبۆچوون بێت یان بەشداریکردن لە چالاکی سیڤیلی ئاشتیخوازانە یانیش پشتیوانیکردن لە بۆچوونێکی سیاسی کە لەلایەن پارتە کوردیـیەکانی ئۆپـۆزسیۆنەوە پەیڕەودەکرێت بە ئامانجی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران.

ڕێکخراوەکان نیگەرانی زۆری خۆیان دەردەبڕن لە بارەی ژیانی دەستگیرکراوەکان، دەڵێن لەوانەیە ئەشکەنجە بدرێن و مامەڵەی خراپـیان لەگەڵدا بکرێت بەو ئامانجەی وەهایان لێبکەن بڵێن تاوانیانکردووە تاوەکو" لە دوایـیدا لە دژیان بەکاریان بهێنن و تۆمەتی ساختەیان بدەنە پاڵ لە بارەی ئاسایشی نەتەوەیی لەو دادگایانەی ئێران کە ئەوپەڕی نادادپەروەریــیان تیادا دەکرێن."

بەپــێی کۆمەڵە کوردیـیەکانی مافی مرۆڤ، لە ساڵی 2020، زیاتر لە 500 کەسی کورد لە ئێران دەستگیرکراون بەهۆی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ یان هۆکاری سیاسی. دەشڵێن تۆمەتی زۆر و ئاڵۆزیان دراوەتەپاڵ کە پەیوەستن بە ئاسایشی نەتەوەیی. چوار کەس لەو دەستگیرکراوانە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و بە لایەنی کەم 159 کەسی دیکەیان حوکمی زیندانی دراون، تیایاندایە 17 ساڵ بڕیاری زیندانی بۆ دراوە.

ڕێکخراوەکان لە کۆتایی نامەکەیاندا ، جگە لەوەی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بێ دەنگ نەبێت لە ئاست ئەو دەستگیرکردنانە، کۆمەڵێک داوایان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە، لەوانە دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک هەموو ئەو کەسانە ئازادبکەن کە بەبێ بەڵگەی تاوان دەستگیرکراون و هەروەها کۆتایی بەم شاڵاوی دەستگیرکردنە بهێنن، وە دەستگیرکراوەکانیش هەتا ئازاددەکرێن ئەشکەنجە نەدرێن و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا نەکرێت.

دەستبەجێ کەسوکاریان لە شوێنی دەستگیرکردنیان ئاگاداربکەنەوە و سنوورێک دابنرێت بۆ دیاردەی بێسەروشوێنکردنی دەستگیرکراوەکان. ڕێگە بە دەستگیرکراوەکان بدرێت پارێزەریان هەبێت و بتوانن تانە لە بڕیاری دەستگیرکردنەکانیان بگرن.

کۆتایی هێنان بە جیاکاری لە دژی کەمایەتیە ئەتنی و ئایینیەکاندا. ڕاگرتنی جێبەجێکردنی هەموو بڕیاری سزاکانی لەسێدارەدان بە شێوەیەکی فەرمی، ئەمەش بە ئامانجی نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان.

XS
SM
MD
LG