Accessibility links

دوایـین زانیاری لە بارەی مەحیەدین ئیبراهیمی مەحکوم بە ئێعدام لە ئێران


مەحیەدین ئیبراهیمی کە هاوڵاتیـیەکی کوردە و لە ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی دراوە، زیاتر لە دوو هەفتەیە گوازرەوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تاکو ئێستا کەسوکار و بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان نییە لەسەر ئەوەی کە بۆ کوێ گوازراوەتەوە و چی بەسەر هاتووە و بەو پێیەش کە سزای لەسێدارەدانی ناوبراو پێشتر پەسەندکراوە، هەر بۆیەش بێ‌هەواڵییەکەی بۆەتە مایەی نیگەرانی زیاتری خێزانەکەی.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرچاوەیەکی نزیک لەو زیندانییە سیاسییە بەو ڕێکخراوەی ڕاگەیاندەوە کە "مەحیەدین ئیبراهیمی لە ڕێکەوتی26ی مانگی دەی ئەمساڵ لەگەڵ 5 زیندانی تر لە زیندانی ورمێ گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار".سەرچاوەکە دەڵێت " لەو ماوەیەدا زیندانییەکانی تر توانیویانە پەیوەندیی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن، بەڵام ئیبراهیمی هیچ پەیوەندییەکی نەکردووە و چارەنووسی دیار نییە و هەوڵی کەسوکارەکەشی بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان لەسەر دۆخی ناوبراو هیچ ئەنجامێکی نەبووە و ئەمەش بۆەتە هۆی نیگەرانی زیاتری خێزانەکەی وە دەترسن کە سزاکەی جێبەجێکرابێت."

مەحیەدین ئیبراهیمی خەڵکی گوندێکی سەرسنووری شاری شنۆیە و لە مانگی یازدەی ساڵی 2017دا لە کاتی کوڵبەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار دەبێت و دواتر دەستگیر دەکرێت.

دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردیبۆ زانیاری زۆرتر لەبارەی دۆسیەی مەحیەدین ئیبراهیمی پەیوەندی کرد بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە و ئەو سەرچاوەیە گوتی " ئێبراهیمی لە کاتی کۆڵبەریدا و لە میانەی شەڕ و تەقەی هێزەکانی سەرسنووری ئێران لەگەڵ گرووپێکی چەکداردا، بریندار دەبێت و بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەو گرووپەدا هەبووە، سزای لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت."

ئیبراهیمیتەمەن 40 ساڵ کە باوکی دوو منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتە، دوای ساڵێک لەدەستگیرکردنەکەی لە مانگی هەشتی ساڵی 2018دا لە لقی 2ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی حاکم عەلی شێخلو بەبێ ئەوەی زیندانی مافی ئەوەی هەبێت پارێزەرێکی هەبێت، بە تۆمەتی 'بەغی' بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ درا.

بە پێی یاسای سزادانی ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی 'بەغی' وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت کە بە پێی ماددەی 287 و 288 سزاکەی لەسێدارەدان دەبێت.

بەو پێیەی کە ناوبراو لە کاتی کوڵبەریدا دەستگیر کرابوو و چالاکی چەکداریشی نەبووە، هەربۆیەش لە دوای داوای پێداچوونەوەی ئەو زیندانییە بۆ سزاکەی، بڕیارەکە ئاڕاستەی لقی 19ی دادگای باڵا دەکرێتەوە و بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، سزاکە هەڵدەوەشێتەوە و بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی 2ی دادگای ئینقلابی ورمێ دەکرێتەوە و لە مانگی یەکی ساڵی 2020 دا ناوبراو ئاگادار دەکرێتەوە لە دادگای ورمێ و بە سەرۆکایەتی هەمان دادوەری پێشوو، بۆ جاری دووهەم بە تۆمەتی 'بەغی' سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

لە هەواڵێکی ماڵپەڕی ئاژانسی هرانا هاتووە کە ناوبراو لە کاتی دەستگیربوونیدا واکی تاکیـیەکی پێبووە و سەرچاوە ئاگادارەکە لەو بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت "ئەو واکی تاکییە تەنیا بۆ پەیوەندیکردن بووە لەگەڵ خاوەن بارەکەدا و بۆ ئاسانکاری گواستنەوەی بارەکەی و ئەو کارەی کە ناچار بووە بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی و منداڵەکانی ئەنجامی بدات."

ئاژانسی هرانا هەروەها لە بەشێکی تری هەواڵەکەدا ئاماژە بەو تۆمەتانە دەکات کە لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە و دەڵێت بە پێی بڕیارەکەی دادگا، ئەو زیندانییە لە کاتی دەستگیرکردنیدا چەکی پێبووە، بەڵام سەرچاوەی ئاگادار بە دۆسیەکە بە دەنگی ئەمەریکای گوت "ئیبراهیمی دانی بە هیچ کام لەو تاوانانەدا نەناوە و نکۆڵی لەوە کرد کە چەکی هەڵگرتبێت". سەرچاوەکە گوتیشی " کاتی خۆی ئیبراهیمی پێی گوتوە سەرچاوەی ئەو تۆمەتانە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی نێوان ئێبراهیمی لەگەڵ فەماندەی هێزەکانی سەرسنوور و گوتوێتی چونکە کاتی خۆی بە زمان هەڕەشەی لەو کەسە کردبوو و هەربۆیەش ئەو فەرماندەیە ڕقی لێهەڵگرتووە و لە ڕاپۆرتەکەیدا لە کاتی دەستگیرکردنیدا ئەو تۆمەتانەی بە ئەنقەست وەک تۆڵەکردنەوە داوەتە پاڵی ئەو."

جێ ئاماژەیە کە برایەکی مەحیەدین بە ناوی نورالدین ئیبراهیمیلە ساڵی 2017 لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی هێزەکانی سەر سنووری ئێران گیانی لەدەست داو بە قسەی سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکاش "هۆکاری هەڕەشە زمانیەکانی ئیبراهیمیش لەو فەرماندەیە کوژرانی برای ناوبراو بووە و هەرگیزیش هەڕەشەکان لە هەڕەشەی زمانی زیاتر تێنەپەڕیبوون."

جێ ئاماژەیە پێشتریش مەحیەدین ئیبراهیمی لە ساڵی 2010دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی 'هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی کورد دەستگیرکرابوو کە دوای تێپەڕاندنی 14 مانگ لە زینداندا ئازادکرابوو.

دەنگی ئەمەریکا لەبارەی ئەگەری جێبەجێبوونی سزای لەسێدارەدانی ناوبرا پرسیاری لە سەرچاوەکە کرد و ئەویش لە وەڵامدا گوتی " لەگەڵ ئەوەدا کە ئەوە کارێکی یاسایی نییە و نابێت بە بێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکەی ئەو سزایە جێبەجێ بکرێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی زۆر جار یاسا و ڕێساکانی خۆشی پێشێلدەکات و لەبەرچاویان ناگرێت و لەوانەیە سزاکەی جێبەجێ کرابێت و لەوانەشە نەکرابێت." سەرچاوەکە لەو بارەوە گوتیشی " کۆماری ئیسلامی ساڵی ڕابردوو هەواڵی لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵاپور، زیندانی سیاسی دوای 44 ڕۆژ لە بێ هەواڵی و نادیاربوونی بە خێزانەکەیان ڕاگەیاندووە و بۆیە خێزانەکەی ئیبراهیمیش لە ئیستادا نیگەرانن لەوەی هەمان چیرۆکیش بۆ ئیبراهیمی ڕووبداتەوە."

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش مانگی دەی ساڵی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا داوای لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە سزای لەسێدارەدانی مەحیەدین ئیبراهیمی هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەو ڕێکخراوە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە " ئیبراهیمی لە دادگاییکردنێکی زۆر ناڕەوا و ناڕووندا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران دەرفەتی دادگایکردنێکی دادپەروەرانە بدەنە ناوبرا بەبێ پەنابردن بۆ سزای لەسێدارەدان."

XS
SM
MD
LG