Accessibility links

خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە شاری بانە سازدەکرێت

  • VOA News

پاش ئەوەی هێزەکانی ڕژێمی ئێران دوو کۆڵبەری ناوچەی بانەیان کوشت، خۆپـیشاندانی ناڕەزایی شاری بانەی گرتەوە و دوکان و بازاڕەکانی شارەکە داخران و هێزەکانی ئاسایش و پـۆلیس بە گولـلەی پلاستیکی وەڵامی خۆپـیشاندەرانیان دایەوە و لە ئاکامدا ژمارەیەک هاوڵاتی برینداربوون.

سۆما سەفاری پەیامنێری ئاژانسی دەنگ‌وباسی موکریان نیوز لە شاری بانە لە وتووێژێـکی تایبەتدا لەگەڵ شاهید عەلەوی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ڕۆژی دووشەممە بە دەستی هێزەکانی حکومەت 2 کۆڵبەر کوژران. دەشڵێت لە دوای ئەم ڕووداوە کەسوکار و خانەوادەی ئەم دوو کۆڵبەرە لەگەڵ کۆمەڵێـک لە خەڵکی شاری بانە لە بەردەم فەرماندارێتی شارەکە گردبوونەوە و ئەمڕۆ سێشەممە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دوکان و بازاڕەکانی شارەکە بە تەواوی داخران و هێزەکانی ئاسایش و حکومەتی بە شارەکە بڵاوبوونەتەوە و لە ئەنجامی بەکارهێنانی گولـلەی پلاستیکی لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە 10 کەس برینداربوون.

خاتوو سۆما دەڵێت بەرپـرسانی حکومەت لە فەرماندارێتی بانە هیچ وەڵامێـکیان بۆ ئەو خەڵکە نەبووە، بەڵام دواتر نوێنەری سەقز و بانە لە پەرلەمانی ئێران لە ڕێگەی تیلگرامەکەیەوە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا داوای لە خەڵک کردووە کۆتایی بە ناڕەزایی گردبوونەوەکانیان بهێنن و ڕێگە یاسایـیەکان بگرنەبەر.

لەلایەکی دیکە کۆمەڵێک چالاکوان ژمارەیەک وێنەی شاری بانەیان بۆ ڕەوانەکردووین لەگەڵ پارچە ڤیدیۆیەکدا.

XS
SM
MD
LG