Accessibility links

کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە سنوورییەکانی ئێران لە هەورامان دەکوژرێت


ڕێکخراەکانی مافەکانی مرۆڤی کورد ڕایانگەیاند کۆڵبەرێکی تەمەن 29 ساڵ بە ناوی ئەرکان باڵواسە کە خەڵکی مەریوانە لە ناوچەی سنووری تەتەی هەورامان کە سەر بە سەوڵاوایە، بە تەقەی هێزە سنوورییەکانی ئێران کوژراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکە بڵاویکردووەتەوە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە بەرزاییە سنوورییەکانی 'تەتە'ی هەورامان دەستەیەک کۆڵبەر بەبێ ئەوەی هەڵگری هیچ جۆرە کاڵایەک بن، لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەو دەسڕێژییەدا ئەرکان باڵواسە گیانی لە دەستداوە.

هاوکات ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەواڵی کوژرانی ئەو کۆڵبەرە کوردەی پشتڕاستکردوەتەوە و بڵاویکردەوە ئەرکان باڵواسە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

بە گوێرەی هەواڵی ئەو دوو ڕێکخراوەیە، تەرمی کۆڵبەرەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری مەریوان و دواتر لە گوندی جەڵێڵەی مەریوان بەخاک سپێردراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی شەشی ئەمساڵدا دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی سینا ڕەسووڵزادە و هەژیر مەحموودپوور، خەڵکی سەردەشت و جوانڕۆ، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و سەردەشت کوژراون. ڕەحیم ئیبراهیمییش لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت دوای ڕاوەدوونران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە کەوتووەتە ناو ڕووبارەوە و گیانی لە دەست داوە.

هەروەها لانیکەم 4 کۆڵبەر بە دەسڕێژی گولە و دوو کۆڵبەریش بە لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کوردستان بریندار بوون.

هەروەها ماڵپەری مافی مرۆڤی کوردپا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە لە مانگی سێی ساڵی 2023 تا مانگی سێی ساڵی 2024، 507 کۆڵبەر لە شارەکانی کوردستان یان کوژراون یان بریندار بوون.

کۆردپا ژمارەی کۆڵبەرە کوژراوەکان لەو ماوەیەدا بە 44 کۆڵبەر خەمڵاندووە کە لەو ژمارەیەش 32 کەسیان بەهۆی تەقەکردنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراون.

XS
SM
MD
LG