Accessibility links

کوڕێکی مەهدی کەڕوبی لە ئێران 6 مانگ حوکمی زیندانی دەدرێت


کوڕێـکی مەهدی کەڕوبی ڕێبەری ئۆپـۆزسیۆنی ناوخۆی ئێران دەڵێت برایەکی حوکمی 6 مانگ زیندانی دراوە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی نامەیەکی باوکی کە تیایدا داوای لە سەرۆکی ئێران کردبوو دادگایی بکرێت پاش ئەوەی بۆ چەندان ساڵە لە ماڵەکەی دەستبەسەرکراوە.

کەڕوبی کە سەرۆکی پـێشووی پەرلەمانیش بوو، لەوەتای ساڵی 2011 وە لەگەڵ میر حسێن موسەویی کە ئەویش ڕێبەرێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ بوو، لە ماڵەکانیان دەسـتبەسەرکران پاش ئەوەی ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2009 و گوتیان ساختەکاری تێداکراوە، ئەمەش ناڕەزایـیەکی زۆری لە نێو خەڵکی ئێران دروستکرد و خۆپیشاندانی گەورە لە تارانی پایتەخت سازکران و هێزەکانی حکومەت زۆر بە توندی ڕووبەڕووی ئەو خەڵکە بوونەوە و چەندان کەس کوژران و برینداربوون و دەسـتگیرکران.

محەمەد حسێن کوڕی کەڕوبی تاوانبارکراوە بە پـرۆپاگەندە لە دژی دەوڵەت، ئەمەش لەسەر نامەیەک کە باوکی بۆ حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێرانی ناردبوو و تیایدا نووسیویەتی" دەمەوێت داوا لە سیستەمی زۆردار بکەیت بە ئاشکرایی دادگایـیم بکەن."

کەڕوبی لەم نامەیەی لە مانگی چواری ساڵی 2016 دا نووسیوویەتی بە ڕوحانیشی گوتووە " من داوات لێ ناکەم ئەم دەستبەسەریەم لەسەر هەڵگریت چونکە پـێموایە ئەوە لە دەسەڵاتی تۆدا نیـیە." گوتوشیەتی بە دادگایـیکردنێـکی ئاشکرا قایلە تەنانەت ئەگەر دادگاکە بەو شێوەیەش بێت کە " تینویانی دەسەڵات دەیانەوێت."

کاربەدەسـتانی ئێران دەڵێن عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێران کە بڕیاری کۆتایی لەسەر کاروباری باڵای وڵاتەکە لای ئەوە، ئەو فەرمانی دەستبەسەرکردنی مەهدی کەڕوبی و میر حسێن موسەویی داوە.

کەڕوبی تاوانبارکراوە بە نانەوەی فیتنە و هەروەها خیانەت، بەڵام بە فەرمی هیچ تۆمەتێکی ئاڕاستە نەکراوە.

محەمەد حسێن کەڕوبی پاش چەند مانگێگ لە بڵاوکردنەوەی نامەکە برایە بەردەم دادگایەکی شۆڕشی ئیسلامی و حوکمی 6 مانگ زیندانی درا.

محەمەد تەقی کەڕوبی کە لە بەریتانیا دەژی لە ڕێگەی تەلەفونەوە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت" تاوانی سەرەکی ئاڕاستەی براکەی کراوە ئەوەبووە نامەکەی بە ئیمەیڵ بۆ من ناردبوو." گوتی "منیش بڵاوم کردەوە."

هەروەها وتی پارێزەری بنەماڵەکەیان داوای پـیاداچوونەوە بەو بڕیارەی دادگا دەکات.

دەزگای دادوەری ئێران هیچی لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG